Accessibility links

گرژییەکان لەسەر سنووری ئۆکرانیا بابەتی سەرەکی گفتوگۆکانی نێوان ڕوسیا و هاوپەیمانێتی ناتۆ دەبێت


ڕۆژی چوارشەممە هاوپەیمانێتی ناتۆ و ڕوسیا لە بڕۆکسل کۆدەبنەوە و سەنگ دەخەنە سەر کەمکردنەوەی گرژییەکان لەسەر سنووری نێوان ئۆکرانیا و ڕوسیا.

ناتۆ نیگەرانە سەبارەت بە زیادبوونی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنووری ئۆکرانیا، دەڵێت ئاسایشی ئەوروپا دەخاتە مەترسییەوە. لەلای خۆشیەوە ڕوسیا کۆمەڵێک داواکاری لە ڕۆژئاوا کردووە، لەوانەش فراوان نەبوونی هاوپەیمانێتیەکە بەرەو ڕۆژهەڵاتی ئەوروپا و ڕێگە نەدان بە ئەندامبوونی ئۆکرانیا لە هاوپەیمانێتیەکەدا.

باڵیۆزی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانێتی ناتۆ جولیان سمیث بەر لە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی چوارشەممە بە ڕۆژنامەنووسانی وت هاوپەیمانێتی ناتۆ پابەندە بەوەوە بزانێت کە ئایا دیبلۆماسی دەتوانێت گرژییەکان کەم بکاتەوە یاخود نا، هەروەها گفتوگۆکانیش بە گشتی لەسەر " کەمکردنەوەی مەترسییەکان و ڕوونی و کۆنتڕۆڵکردنی بڵاوبوونەوەی چەک و ئەو شێوازە جیاوازانە دەبێت کە لەڕێیانەوە پەیوەندی دەکەین لەگەڵ یەکتردا."

سمیث هاوسۆی ئەمەریکای بۆ ئۆکرانیا دەربڕی، وتیشی " کارەکانی ڕوسیا بووەتە هۆی دروستبوونی ئەم قەیرانە " و هاوپەیمانێتی ناتۆ ئامادەیە بۆ بەربەست دانان لەبەردەم دوژمنکارییەکەی ڕوسیادا.

وتی " ئەگەر ڕوسیا بەردەوام بێت لە گرتنەبەری ڕێگای ڕووبەڕووبوونەوە و کردەوەی سەربازیی، ئەوا ئێمە ڕوونمان کردۆتەوە بۆ ڕوسیا کە بەشێوەیەکی یەکلاکەرەوە وەڵام دەدەینەوە، لەوانەش سەپاندنی کۆمەڵێک سزای کاریگەری ئابووری بۆ سەر ئەو وڵاتە."

وتیشی " وەکو هاوپەیمانێتیەک، ئێما ئامادەین هێزی بەرگری ناتۆ لە بەرەی ڕۆژهەڵاتەوە پتەو بکەین، هەروەها ئامادەین سزای توندتر بەسەر ڕوسیادا بسەپێنین ئەگەر دوژمنکاری دژی ئۆکرانیا ئەنجام بدات."

ڕۆژی دووشەممە بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕوسیا لە جنێڤ کۆبوونەوە و گفتوگۆیان لەسەر گرژییەکان کرد، بەڵام هیچ بەرەو پێشچوونێکی بەخۆیەوە نەبینی.

دوو دەرفەتی دیکە لەبەردەم ئەمەریکا و هاوپەیمانە ئەوروپییەکانیدا ماوە بۆ گفتوگۆکردنی ڕاستەوخۆ لەگەڵ ڕوسیادا سەبارەت بە ڕەوشی ئۆکرانیا. ڕۆژی چوارشەممە بەرپرسانی ڕوسیا لەگەڵ هاوپەیمانێتی ناتۆدا کۆدەبنەوە، ڕۆژی پێنجشەممەش ڕوسیا لەگەڵ ڕێکخراوی ئاسایش و هاریکاری ئەوروپادا لە ڤییەنا کۆدەبنەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG