Accessibility links

ناتۆ هۆشداری دەداتە ڕوسیا


سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا
سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ و وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبا

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ سەبارەت بە ئۆکرانیا هۆشداریدایە ڕوسیا و وتی وڵاتانی ڕۆژئاوا لە پاڵ ئۆکرانیادا دەوەستن، ئەمەش لەنێوەندی زیادبوونێکی نائاسایی هێزەکانی ڕوسیا لەسەر سنوورەکانی ئۆکرانیا.

ستۆڵتنبێرگ جەختی لەوە کردەوە ئێستا گرنگترین شت ئەوەیە ڕێگە نەدرێت شتەکان لە کۆنتڕۆڵ دەربچن، هەروەها داواشی لە ڕوسیا کرد ڕوون بێت سەبارەت بە چالاکییە سەربازییەکانی تاوەکو گرژییەکان کەم بکاتەوە.

ستۆڵتنبێرگ لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کولیبادا لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا لە بڕۆکسل وتی " دەبێت چاوکراوە و واقعی بین لەو کێشانەی ڕووبەڕوومان دەبنەوە، ئەوەی دەشیبینین زیادبوونێکی بایەخداری هێزەکانی ڕوسیایە."

ئاماژەی بەوەدا نایەوێت گومان لە نیازەکانی ڕوسیا بکات بەڵام وتی " زیادبوونێکی نائاساییمان لە ژمارەی هێزەکاندا بینیوە، دەشزانین ڕوسیا ویستوویەتی ئەم جۆرە توانا سەربازییانە بەکاربهێنێت بەرلەوەی دوژمنکارییەک دژی ئۆکرانیا ئەنجام بدات."

جموجۆڵی هێزەکانی ڕوسیا لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوودا نیگەرانی دروستکردووە سەبارەت بە ئەگەری هێرشکردنە سەر ئۆکرانیا، بەڵام مۆسکۆ ئەو هەواڵانە ڕەت دەکاتەوە و دەڵێت ڕوسیا نیگەرانە سەبارەت بەزیادبوونی چالاکییەکانی هاوپەیمانێتی ناتۆ لە ناوچەکەدا.

هەفتەی ڕابردوو ئۆکرانیا وتی نزیکەی 100,000 سەربازی ڕوسی لەنزیک سنوورەکەیەوەن، ستۆڵتنبێرگ وتی ئەمە مەترسیدارە چونکە " ئەمە بەشێکی هێزەکانە لە نزیک سنووری نێوان ڕوسیا و ئۆکرانیا، بەڵام بەشێکی دیکەشە لەو هێزانەی ڕوسیا کە لەناوخۆی ئۆکرانیادان، لە نیمچە دورگەی کرێمیا کە ڕوسیا بەشێوەیەکی نایاسایی لەخۆی گرتووە، هەروەها چەکدارەکانیش دەبینین، جیاخوازەکان لە دۆنباس کە ئەوەش بەشێکە لە ئۆکرانیا و لەلایەن ڕوسیاوە یارمەتیان دەدرێت و پشتیوانیان لێدەکرێت."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG