Accessibility links

هێرشێکی موشەکی ڕووسیا هەرێمی ئۆدێسای ئۆکرانیا دەکاتە ئامانج


موشەکی کالیبری ڕووسی
موشەکی کالیبری ڕووسی

ڕۆژی یەکشەممە ڕووسیا ڕایگەیاند لەڕێی موشەکی کالیبرەوە کۆگایەکی تەقەمەنی موشەکی هیمارسی دروستکراوی ئەمەریکییان لە هەرێمی ئۆدێسای باشووری ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا لەناوبردووە، هاوکات کیێڤ دەڵێت کۆگایەکی دانەوێڵە بەرکەوتووە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتی موشەکەکانی کالیبر کە لە دەریا جێگیرکراون کۆگایەکیان لەناوبردووە کە سیستمی موشەکی دژە ئاسمانی ڕۆژئاوایی تێدا بووە.

وتەبێژێکی بەڕێوبەرایەتی هەرێمی ئۆدێسا گوتی دوو موشەک بەسەر دەریاوە خراونەتە خوارەوە، بەڵام سێ موشەکی دیکە لە ئامانجە کشتوکاڵییەکانیان داوە.

وتەبێژی بەڕێوبەرایەتی هەرێمی ئۆدێسا سێرهێی براتچوک وتی هیچ زیانی گیانی لێنەکەوتۆتەوە، هەروەها شارەزایانی تەقەمەنی و لێکۆڵەرەوەکان لە کۆگای دانەوێڵەکەدا کاردەکەن.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بەشێوەیەکی سەربەخۆ لێدوانەکانی ڕووسیا و ئۆکرانیا سەبارەت بە هێرشەکە پشتڕاست بکاتەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا گوتیشی هێزەکانی ڕووسیا دوو هاویتزەری ئێم 777 لە هەرێمی خێرسۆن تێکشکاندووە و هەروەها کۆگایەکی سوتەمەنیشیان لە هەرێمی زاپۆریژا لەناوبردووە کە زیاتر لە 100 تەن سوتەمەنی گازی تێدا بووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG