Accessibility links

موشەکەکانی ڕووسیا بینایەکی نیشتەجێبوون لە شاری میکۆلایڤ دەکەنە ئامانج و کەسێک گیان لە دەستدەدات


ڕووسیا چوار موشەکی ئاڕاستەی شاری میکۆلایڤی باشووری ئۆکرانیا کرد و نیوەی بینایەکی نیشتەجێبوونی لە ناوبرد، بەهۆی ئەوەشەوە دانیشتوویەکی بیناکە گیانی لەدەستداوە. ئەمەش ڕۆژێک دوای ئەوەی ڕووسیا موشەکبارانی چەند شارێکی ئۆکرانیای کرد بە کیێڤیشەوە.

شایەتحاڵان بە ڕۆیتەرزییان گوت تیمەکانی فریاکەوتن تەرمی ئافرەتێکی بە تەمەنییان لە ژێر پاشماوەی بیناکەدا دەرهێناوە.

ڕۆژی دووشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن گوتی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا بۆ سەر شارەکانی ئۆکرانیا کە ژێرخانە هەستیارەکانی کردۆتە ئامانج و بڕیاری ڕاگرتنی بەشداریکردنی ڕووسیا لە ڕێکەوتنەکەی هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا، وەڵامێک بوون بۆ ئەو هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەی کە کرایە سەر کەشتیگەلی ڕووسیا لە کرایمیا، بەرپرسیارێتی هێرشەکەشی خستە سەر ئەستۆی ئۆکرانیا.

گوتیشی " ئەمە سەرجەم ئەو شتانە نەبووە کە دەکرا ئەنجامی بدەین."

پوتن لە کۆنفرانسێکدا وتی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئۆکرانیا هەمان ئەو ڕێڕەوە ئاوییەیان بەکارهێناوە کە کەشتییە بارهەڵگرەکان بەکارییان هێناوە بۆ گواستنەوەی گەنمی ئۆکرانیا.

کیێڤ بەرپرسیارێتی هێرشەکەی بۆ سەر کەشتیگەلی ڕووسیا لە کرایمیا ڕانەگەیاندووە و ڕەتی دەکاتەوە ڕێڕەوە پارێزراوەکەی دەریای ڕەشی بۆ مەبەستی سەربازیی بەکارهێنابێت.

سەرۆک ئەرکانی سوپای ئۆکرانیا وتی ڕۆژی دووشەممە هێزەکانی ڕووسیا ژێرخانەکانی شەش هەرێمی ئۆکرانیایان بۆردومان کردووە.

بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن ژێرخانەکانی وزەی ئۆکرانیا بە بەنداوە ئاوییە کارەباییەکانیشەوە کراونەتە ئامانج.

جێی ئاماژەیە لە ماوەی سێ هەفتەی ڕابردوودا ڕووسیا هێرشی کردۆتە سەر ژێرخانە مەدەنییەکانی ئۆکرانیا، ئەوەش لە ڕێی موشەکە مەودا درێژە گرانبەهاکانی و فڕۆکە بێفڕۆکەوانە " خۆکوژییە " هەرزانەکانی ئێرانەوە کە لەگەڵ بەرکەوتنیان بە ئامانجەکەیاندا دەتەقنەوە.

سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا دێنیس شمیگاڵ گوتی ڕۆژی دووشەممە هێرشە موشەکی و هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان 18 ئامانجییان پێکاوە، زۆربەی ئامانجەکانیش ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا بوون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG