Accessibility links

ڕووسیا بۆردومانی شاری ئۆدێسای ئۆکرانیا دەکات


بەرەبەیانی ڕۆژی یەکشەممە بەهۆی هێرشێکی ئاسمانی ڕووسیاوە بۆ سەر شاری ئۆدێسای ئۆکرانیا کەسێک کوژرا و نزیکەی 20 کەسی دیکە بریندار بوون، بەهۆی هێرشەکەوە زیانێکی گەورە بە کاتیدڕاڵێکی ئۆرتۆدۆکسی پەیوەست بە ڕووسیاوە گەیشتووە، بەرپرسانیش وتیان هێمای پاترۆنی شاری ئۆدێسایان لە ژێر خۆڵ و پاشماوەی هێرشەکەدا دەرهێناوەتەوە.

فەرمانڕەوای هەرێمی ئۆدێسای باشووری ئۆکرانیا ئۆلێ کیپەر وتی " ئۆدێسا: هێرشێکی دیکەی شەوانە لەلایەن دڕندەکانەوە".

وتیشی بەهۆی هێرشە موشەکییەکانەوە کەسێک کوژراوە و 19 کەسی دیکە بریندار بوون کە چوار منداڵیشییان تێدایە، شەش خانوو و چەند بینایەکی نیشتەجێبوونیش لە ناوچوون، 14 کەسیش ڕەوانەی نەخۆشخانە کراون.

ڕووسیا لە ماوەی هەفتەی ڕابردوودا نزیکەی ڕۆژانە هێرشی کردووەتە سەر ئۆدێسا و دامەزراوەکانی دیکەی هەناردەکردنی خۆراکی ئۆکرانیا، ئەوەش دوای ئەوەی لە ڕێککەوتنێکی ڕێڕەوی دەریایی بە نێوەندگری نەتەوە یەکگرتووەکان کشایەوە کە ڕێگەی دەدا دانەوێڵەی ئۆکرانیا بە پارێزراوی لە دەریای ڕەشەوە هەناردەی دەرەوە بکرێت.

بەڕێوبەرایەتی سەربازیی ئۆدێسا وتی کاتیدڕاڵی سپاسۆ-پریۆبراژێنسکیی کە پەیوەستە بە کەنیسەی ئۆرتۆدۆکسی ڕووسیاوە زیانێکی گەورەی بەرکەوتووە.

بەڕێوبەرایەتییەکە وتی " هێمای کاسپێرۆڤسکای دایکی خودا کە پارێزەری ئۆدێسایە، لە ژێر پاشماوەکەدا دەرهێندراوەتەوە".

سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG