Accessibility links

ئۆکرانیا: فڕۆکە جەنگییەکانی ڕووسیا هێرشی موشەکی دەکەنە سەر کیێڤ


سەرۆکی شارەوانی کیێڤی پایتەخت و هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا دەڵێن فڕۆکەی جەنگی ستراتیژی تو – 95 ی ڕووسی لە دەریا کاسپیانەوە هێرشی موشەکی کردۆتەسەر کیێڤ و دوو ناوچەی ڕۆژهەڵاتی پایتەختیش بەهۆی تەقینەوەکانەوە هەژێندراون.

سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتاڵی کلیتتچکۆ وتی لانی کەم کەسێک بەهۆی هێرشەکانەوە بریندار بووە و ڕەوانەی نەخۆشخانە کراوە، تاوەکو ئێستاش هەواڵی کەوتنەوەی قوربانی نەبووە. دوکەڵێکی ڕەش بەسەر ئاسمانی ناوچەکانی دارنیتسکی و دنیپرۆڤسکیدا بەرزبۆتەوە و دەنگی تەقینەوەکان دوو ناوچەکەی هەژاندووە.

بەرپرسێکی باڵای سەرۆکایەتی ئۆکرانیا سێرهێی لیشچینکۆ وتی هێرشەکە ژێرخانی هێڵە ئاسنینەکانی کردۆتە ئامانج.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی لە مەودایەکی دوورەوە موشەکی ئاڕاستەی کیێڤ کردووە و ئەو تانک و ئوتومبێلە زریپۆشانەی لەناوبردووە کە لەلایەن وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ئەوروپاوە دراون بە ئۆکرانیا.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا وتی کاتژمێر شەشی بەیانی بە کاتی ناوخۆ هێزی بەرگری ئاسمانی ئۆکرانیا موشەکێکی کروزییان تێکشکاندووە.

هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا لە بەیاننامەیەکدا وتی " بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، ڕووسییەکان لەڕێی فڕۆکەی جەنگی تو – 95 ەوە لە دەریای کاسپیانەوە موشەکییان ئاڕاستەی کیێڤ کردووە."

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا میخایلۆ پۆدۆلیاک داوای لە ڕۆژئاوا کرد سزای زیاتر بەسەر ڕووسیادا بسەپێنن، ئەوەش بەهۆی هێرشەکانیەوە بۆ سەر کیێڤ، هەروەها داوای کرد چەکی زیاتر بدەن بە ئۆکرانیا.

وتی " کرێملن زیاتر پەنا دەباتە بەر هێرشی فێڵبازانە. هێرشەکەی ئەمڕۆ بۆ سەر کیێڤ تەنها یەک مەبەستی هەیە، کوشتنی خەڵکی زیاتر."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG