ڕووسیا ڕۆژی هەینی هێرشێکی ئاسمانی کردە سەر کیێڤی پایتەختی ئۆکرانیا و بەرگری ئاسمانی وڵاتەکە وەڵامی هێرشەکانی دایەوە، هاوکات پارچەکانی موشەکێکی ڕووسیا بەسەر نەخۆشخانەیەکی منداڵاندا کەوتە خوارەوە.
سەرۆکی شارەوانی کیێڤ ڤیتالی کلیچسکۆ وتی هیچ کەسێک لە نەخۆشخانەکە زیانی پێنەگەیشتووە. هەروەها پارچەکانی موشەکێکیش زیانییان بە ماڵێکیش گەیاندووە و لە ناوچەی ئۆبۆلۆنی باکووری کیێڤ لە نزیک کۆمەڵە ماڵێکی گوندنشین کەوتووە.
بەرپرسی شارەکە میخایلۆ شامانۆڤ وتی " دەبێت سوپاسی هێزەکانی بەرگریمان بکەین بۆ خستنەخوارەوەی موشەکەکان."
هەروەها باس لە تەقینەوەش کراوە لە هەرێمی خمیلنیتسکی ڕۆژئاوای ئۆکرانیا کە لەوێ بەرپرسانی هەرێمەکە دەڵێن بەرگرییە ئاسمانییەکان تەقەیان کردووە. تاوەکو ئێستا هیچ هەواڵێک نییە باس لە زیانی گیانی یان ماددی لەو ناوچەیەدا بکات.
هێزی ئاسمانی ئۆکرانیا ڕایگەیاند ڕووسیا موشەکی دەنگبڕی کینژاڵی دژی ناوچەی کیێڤ بەکارهێناوە، هاوکات بەرپرسانی شارەکە پشتڕاستییان کردەوە هێزەکانی بەرگری ئاسمانی شارەکە تەقەیان کردووە.
شایەتحاڵەکان لە ناوەندی شارەکەدا دەڵێن دەنگی دوو تەقینەوەیان بیستووە، بەڵام نەیانزانیوە دەنگەکان لە کوێوە دێن.
کلیچسکۆ وتی " دەنگی تەقینەوە دەبیسترێت، بۆیە لە پەناگەکاندا بمێننەوە."
جێی ئاماژەیە ڕۆژئاوا سیستمی بەرگری ئاسمانی پێشکەوتووی بە ئۆکرانیا داوە تاوەکو یارمەتی بدات بەرگری لە خۆی بکات لە بەرامبەر ئەو هێرشە بەردەوامانەی ڕووسیا کە بە موشەک و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان دەیکاتە سەر ئۆکرانیا.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
ئۆکرانیا: پارچەکانی موشەکێکی ڕووسیا بەسەر نەخۆشخانەیەکی منداڵانی کیێڤدا دەکەوێتە خوارەوە
