سەرۆکی پێشووی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ گوتی مۆسکۆ نابێت گفتوگۆ لەگەڵ واشنتندا بکات سەبارەت بە داماڵینی چەکی ناوەکی تاوەکو ئەو کاتەی ئەمەریکا " دەگەڕێتەوە " سەر گفتوگۆکان.
مێدڤیدیڤ گوتی " ئێستا هیچ پەیوەندییەکمان لەگەڵ ئەمەریکادا نیە."
مێدڤیدیڤ وتی " ئەوان لەسەر تەرازووی کێڵڤین لە سفردان، هیچ پێویست ناکات جارێ لەگەڵیاندا گفتوگۆ لەسەر داماڵینی چەکی ناوەکی بکەین. ئەمە خراپە بۆ ڕووسیا. وازیان لێبێنە خۆیان ڕابکەن بۆی یاخود بگەڕێنەوە و داوای بکەن."
لە 24 ی مانگی دوودا ڕووسیا هێرشەکانی بۆ سەر ئۆکرانیا دەستپێکرد و بەهۆیەوە هەزاران هاوڵاتی مەدەنی لە ئۆکرانیا کوژراون، ملیۆنان خەڵکی دیکەش ناچار بوون وڵاتەکە جێبهێڵن و ئاوارەی وڵاتانی دراوسێی ئۆکرانیا ببن. شار و شارۆچکەکانی ئۆکرانیا وێران بوون.
لە وەڵامی ئەمەشدا، ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا کۆمەڵێک سزای ئابووری توندییان بەسەر ڕووسیادا سەپاندووە و چەک و کەلوپەلی سەربازیی دەدەن بە ئۆکرانیا تاوەکو بتوانێت بەرگری لە خۆی بکات.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
سەرۆکی پێشووی ڕووسیا: ڕووسیا نابێت سەبارەت بە پرسی ناوەکی گفتوگۆ لەگەڵ ئەمەریکادا بکات