Accessibility links

لەشکری ئەمەریکا: ڕووسیا فڕۆکەی جەنگی ڕەوانەی لیبیا کردووە بۆ پـشتیوانیکردن لە حەفتەر


فەرماندەیەتی لەشکری ئەمەریکا لە ئەفریکا دەڵێت ڕووسیا لەم دوایـیانە فڕۆکەی جەنگی بۆ لیبیا ڕەوانەکردووە بە مەبەستی پشتیوانیکردن لەو چەکدارە ڕووسیایـیانەی لە پاڵ جەنەڕاڵ خەلیفە حەفتەر شەڕ دەکەن.

فەرماندەیەتیـیەکە کە بارەگای سەرەکی لە شتوتگارتی ئەڵمانیایە، ئەمڕۆ سێشەممە لە ڕاپـۆرتێکیدا نووسیویەتی فڕۆکەکان سەرەتا لە بنکەیەکی ئاسمانی ڕووسیاوە بۆ سوریا ڕەوانەکراون و لەوێش بۆیاخ کراون هەتا نەناسرێنەوە و پاشان ڕەوانەی لیبیا کراون.

دەڵێن پـێیانوایە ئەم فڕۆکانە بۆ پشتیوانیکردنی گروپی چەکداری ڤاگنەر بێت کە بەکرێگیراوی ڕووسیایـین و لە لیبیا شەڕ بۆ هێزەکانی جەنەڕاڵ حەفتەر دەکەن لە دژی هێزەکانی حکومەتی تەرابلوس، ئەوەی تورکیا پشتیوانیان لێدەکات.

لە لایەکی دیکە حکومەتی تەرابلوس دەڵێت سەدان بەکرێگیراوی ڕووسیایی لەوانەی لە پاڵ حەفتەر شەڕ دەکەن لە شاری بەنی وەلیدی باشوری ڕۆژهەڵاتی تەرابلوس پاشەکشەیان پـێکراوە. دەڵێن ئەم پاشەکشەیە پاش چەند هێرشێکی هێزەکانی حەفتەر بووە بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی تەرابلوس، بەڵام تیایاندا شکستیان هێنابوو.

هاوکات تورکیاش پـشتیوانی لە حکومەتی تەرابلوس دەکات لە ڕێگەی ڕەوانەکردنی چەکدارانی سەر بە هێزەکانی ئۆپـۆزسیۆنی سوریا بۆ لیبیا و هەروەها ناردنی چەک و تەقەمەنی و فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان.

جگە لە ڕووسیا و تورکیا کە ناڕاستەوخۆ دەستیان لە شەڕی ناو لیبیا هەیە،هەروەها میسر و ئیماراتیش پشتیوانی لە حەفتەر دەکەن و قەتەریش پشتیوانی لە حکومەتی تەرابلوس دەکات.

XS
SM
MD
LG