Accessibility links

لاڤرۆڤ لە نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداری دەدات و دەڵێت جیهان لە ' لێوارێکی مەترسیداردایە '


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێش وتی مەترسی کەوتنەوەی ململانێ لە نێوان زلهێزەکانی جیهاندا " لە ئاستێکی بەرزی مێژووییدایە "، هاوکات وەزیری دەرەوەی ڕووسیا سێرگێی لاڤرۆڤ هۆشداریدا و وتی جیهان لە لێواری " ئەگەری مەترسییەکی زۆر زیاتردایە " وەک لەو مەترسییەی کە لە ماوەی جەنگی سارددا هەبوو.

گۆتێرێش کە لە پاڵ لاڤرۆڤدا دانیشتبوو لە کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ڕەخنەی لە داگیرکارییەکەی ڕووسیا گرت لە ئۆکرانیا و وتی بووەتە هۆی ئازار و مەینەتییەکی زۆر و وێرانکاری لە وڵاتەکەدا و خراپترکردنی ناجێگیری ئابووری جیهان کە پێشتر بەهۆی ڤایرۆسی کۆرۆناوە زیانی پێگەیشتبوو.

گۆتێرێش بە کۆبوونەوەی 15 ئەندامەکەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانی وت " گرژییەکانی نێوان زلهێزەکانی جیهان لە ئاستێکی بەرزی مێژووییدایە، بە هەمان شێوە مەترسی ڕوودانی ململانێ لە نێوانیشیاندا بەرزە، ئەوەش لە ڕێی بە هەڵە لێکدانەوە یاخود ڕووداوی خراپەوە."

جێی ئاماژەیە لاڤرۆڤ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئەنجومەنەکەی دەکرد چونکە ڕووسیا بۆ مانگی چوار سەرۆکایەتی خولی ئەنجومەنەکە دەکات.

لاڤرۆڤ وتی " وەکو ئەو ماوەیەی جەنگی سارد، ئێستا گەیشتووینەتە لێوارێکی مەترسیدارەوە، تەنانەت ئەگەری هەیە مەترسیداتریش بێت. دۆخەکە خراپتر بوو لەگەڵ نەمانی متمانە بە فرەلایەنیدا."

وتی " با بە خاکەنازێک بڵێین خاکەناز، کەس ڕێگەی نەداوە کەمینەی ڕۆژئاوا لە جیاتی هەموو مرۆڤایەتی قسە بکەن."

ژمارەیەکی زۆر لە وڵاتانی ئەندام لە ئەنجومەنەکە، بە ئەمەریکا و فەڕەنسا و بەڕیتانیاوە سەرکۆنەی ڕووسیایان کرد لەسەر جەنگەکەی لە ئۆکرانیا.

باڵیۆزی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان لیندا تۆماس گرینفیڵد بە ئەنجومەنەکەی وت " سەرۆکی دووڕووی ئەمڕۆمان، ڕووسیا، لەسەر دڵی پەیماننامەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئۆکرانیای دراوسێی داگیرکرد."

وتیشی " ئەم جەنگە نایاسایی و بێ بیانوو و ناپێویستە ڕاستەوخۆ دژی پیرۆزترین بنەمامانە: ئەوەش ئەوەیە کە جەنگی دوژمنکاری و داگیرکردنی خاک هەرگیز و هەرگیز جێی قبوڵکردن نیە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG