Accessibility links

ڕاپۆرت: ڕوسیا ئامادەکاری دەکات مانگی دەستکردی پێشکەوتوو بدات بە ئێران


بەپێی ڕاپۆرتەکانی ڕاگەیاندنەکانی ئەمەریکا، ڕوسیا ئامادەکاری دەکات بۆ پێدانی مانگی دەستکردی پێشکەوتوو بە ئێران کە بەشێوەیەکی بەرچاو توانا سیخوڕییەکانی تاران زیاد دەکات.

ڕۆژنامەی واشنتن پۆست ئاماژەی بەوەدا مۆسکۆ ئامادەکاری دەکات مانگی دەستکردی کانۆپوس- ڤی بدات بە ئێران.

واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسانی پێشووی ئەمەریکا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە بڵاویکردەوە ئەم مانگە دەستکردە ڕێگە بە ئێران دەدات چاودێری دامەزراوەکانی نەیارەکانی بکات لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.

ئەم هەواڵە چەند ڕۆژێک پێش کۆبوونەوەکەی نێوان سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن و سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن دێت کە وابڕیارە لە 16 ی مانگی شەش لە سویسرا بەڕێوەبچێت.

بەرپرسەکان وتیشیان پێدەچێت لەماوەی چەند مانگێکدا مانگە دەستکردەکە چالاک بکرێت، هەروەها ئەمە ئەنجامی سەردانە زۆرەکانی ڕابەرانی سوپای پاسدارانی ئێرانە بۆ ڕوسیا.

واشنتن پۆست وتیشی ڕاهێنەرە ڕوسییەکان یارمەتی ستافەکەیان داوە لە شوێنێکی نوێ لە باکووری شاری کەرەجی ئێران کار لەسەر مانگە دەستکردەکە بکەن.

ئەم ڕێکەوتنەی نێوان ڕوسیا و ئێران پێدەچێت توانایەکی بەهێزتر بداتە تاران لە چاودێریکردنی کەنداو و بنکەکانی ئیسڕائیل و هێزەکانی ئەمەریکا لە عێڕاق.

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG