Accessibility links

مێدڤیدیڤ دەڵێت بەندەرەکانی ئۆکرانیا دووبارە لێیان دەدرێتەوە


 دمیتری مێدڤیدیڤ
دمیتری مێدڤیدیڤ

سەرۆکی پێشووی ڕووسیا دمیتری مێدڤیدیڤ دەڵێت مۆسکۆ هێرشی زیاتر دەکاتە سەر بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە وەڵامی هێرشەکانی کیێڤدا بۆ سەر کەشتییەکانی ڕووسیا لە دەریای ڕەش.

لێدوانەکانی مێدڤیدیڤ کە جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی ئاسایشی ڕووسیایە و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن سەرۆکایەتی دەکات، دوای هێرشی بەلەمە بۆمبڕێژکراوەکەی ئۆکرانیا هات بۆ سەر کەشتییەکی جەنگی ڕووسیا لە بەندەری نۆڤۆرۆسیسک و تانکەرێک لە نزیک کرایمیا، کە مۆسکۆ لە ساڵی 2014 لکاندی بە ڕووسیاوە.

دوای هێرشەکەی سەر نۆڤۆرۆسیسک، پوتن سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی کرد کە مێدڤیدیڤ بەشداریی تێدا کرد.

ڕووسیا لە چەند هەفتەی ڕابردوودا بەندەرەکانی ئۆدێسا و ئیزمایلی سەر دەریای ڕەشی کردە ئامانج، بەندەری ئۆدێسا بارەگای سەرەکی هێزی دەریایی ئۆکرانیای لێیە و بەندەری ئیزمایل بەندەرێکی سەرەکی ناوخۆیی ئۆکرانیایە، هێرشەکانیش زیانییان بە ژێرخانی بەندەرەکان و دامەزراوەکانی دانەوێڵە گەیاند.
.
مۆسکۆ کە مانگی ڕابردوو لە ڕێککەوتنێک کشایەوە کە ڕێگەی بە ئۆکرانیا دابوو دانەوێڵەکەی بە پارێزراوی لە ڕێی دەریای ڕەشەوە هەناردە بکات، دوای هێرشەکەی ئۆکرانیا بۆ سەر پردێک کە کرایمیا بە ڕووسیاوە دەبەستێتەوە، دەستی بە هێرشەکانی کرد بۆ سەر بەندەرەکانی ئۆکرانیا.

مێدڤیدیڤ پێشنیاری ئەوەی کرد هێرشە تۆڵەسەندنەوەکانی ڕووسیا بۆ سەر ئۆکرانیا بەهۆی هێرشی فڕۆکە بێفڕۆکەوانە دەریاییەکانی ئۆکرانیاوە ڕەنگە کۆتایی بە هەر دەرفەتێک بهێنێت بۆ زیندووکردنەوەی ڕێککەوتنی دانەوێڵە.


سەرچاوە / ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG