Accessibility links

ڕووسیا دەڵێت بەرپەرچی هێرشێکی گەورەی ئۆکرانیایان داوەتەوە

وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ
وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ

وەزیری بەرگری ڕووسیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا بەرپەرچی هەوڵێکی گەورەی هێزەکانی ئۆکرانیایان داوەتەوە بۆ دزەکردن بە ناو هێڵی پێشەوەی هەرێمی زاپۆریژای باشووری ئۆکرانیا و زیانێکی گەورەیان لێداون.

ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ قسەکانی سێرگێی شوێگۆ لەسەر گۆڕەپانی جەنگەکە پشتڕاست بکاتەوە و وەزارەتی بەرگری ئۆکرانیاش لێدوانی لەسەر دۆخەکە نەداوە.

هەندێک لە بەرپرسانی ڕووسیا و ڕۆژئاوا ئاماژەیان بەوە داوە کە ئۆکرانیا لەم هەفتەیەدا دەستی کردووە بە هێرشە بەرپەرچدانەوەی دژی هێزەکانی ڕووسیا، کیێڤ تاوەکو ئێستا بە ئاشکرا ئەوەی پشتڕاست نەکردۆتەوە.

شوێگۆ کە هاوپەیمانێکی نزیکی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنە، وتی هێزەکانی ڕووسیا بە درێژایی بەرەی باشوور بەرپەرچی چوار هێرشی جیای ئۆکرانیایان داوەتەوە و هێزەکانی کیێڤ ناچار کراون "بە زیانێکی گەورەوە" بکشێنەوە.

شوێگۆ وتی "دوژمن هەوڵیداوە دزە بکاتە بەرگرییەکانمانەوە لە زاپۆریژا و لیوای 47 ی میکانیکی بەشدارییان لە هێرشەکاندا کردووە و ژمارەیان گەیشتۆتە 1500 پیاو و 150 ئوتومبێلی زریپۆش."

وتیشی "دوژمن لەلایەن هێزە دیدەوانییەکانمانەوە بیندراوە و لە ڕێی تۆپهاوێژ و هێزی ئاسمانی و چەکە دژە تانکەکانمانەوە هێرشێکی ڕێگریکردنمان ئەنجامداوە."

شوێگۆ وتی گوایە ئۆکرانیا 30 تانک و 11 ئوتومبێلی زریپۆش و زیاتر لە 350 سەربازی لە دەستداوە.

ڕۆیتەرز ننەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ ئەوە پشتڕاست بکاتەوە.

هەرێمی زاپۆریژا کە نزیکەی لە سەدا 80 ی لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵ کراوە، بەشێکی "پردە وشکانییەکەیە" کە هەرێمی دۆنباسی ژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیا دەبەستێتەوە بە کرایمیاوە، مۆسکۆ لە ساڵی 2014 دا کرایمیای لکاند بە ڕووسیاوە.

شکاندنی پردە وشکانییەکە لەلایەن زۆرێکەوە بە یەکێک لە ئامانجە سەرەکییەکانی ئۆکرانیا دادەنرێت لە هێرشەکانی بەرپەرچدانەوەی.

ڤلادیمیر ڕۆگۆڤ کە بەرپرسێکی هەرێمی زاپۆریژایە و ڕووسیا دایناوە، وتی هێزەکانی ئۆکرانیا هەوڵیانداوە بە بەکارهێنانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ئوتومبێلی زریپۆش و سیستمی موشەکی دزە بکەنە ناو هێڵەکانی ڕووسیاوە.

وتیشی هێزەکانی ڕووسیا لە چەند ڕۆژ و هەفتەکانی داهاتوودا پێشبینی هێرشی زیاتری لەو جۆرە دەکەن، وتیشی ڕۆژ و هەفتەکانی داهاتوو یەکلاکەرەوە دەبن بۆ ئاڕاستەی جەنگەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG