Accessibility links

هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی هێزەکانی ئۆکرانیا دەکەن وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵ


وێستگەی پۆڵا و ئاسنی ئازۆڤستاڵ، ماریوپۆڵ
وێستگەی پۆڵا و ئاسنی ئازۆڤستاڵ، ماریوپۆڵ

بەرپرسێکی ناوخۆی ئۆکرانیا وتی ڕۆژی چوارشەممە هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی شاری ماریوپۆڵیان کردووە کە دوایین سەربازانی ئۆکرانیا لە شارەکەدا لەوێ خۆیان حەشارداوە، هاوکات ژمارەیەک لە هاوڵاتیانی مەدەنیش لە وێستگەکەدا خۆیان حەشارداوە.

یاریدەدەری سەرۆکی شارەوانی ماریوپۆڵ پێترۆ ئاندریشچێنکۆ وتی هێرشە ئاسمانییەکانی سەر وێستگەی ئازۆڤستاڵ کەم نەبوونەتەوە، ئەوەش سەرەڕای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن دوای ئەوەی سەرکەوتنی لە ماریوپۆڵ ڕاگەیاند وتی پێویست ناکات هێرش بکەینە سەر وێستگەکە.

ئاندریشچێنکۆ وتی " هێرشە ئاسمانییەکانی سەر ئازۆڤستاڵ کەم نەبوونەتەوە. ئاگربەست نیە، بەڵام هەوڵەکان بۆ چوونە ناو وێستگەکەوە بەردەوامە. ئەمەش سەرەڕای لێدوانەکانی پوتن."

وتیشی " لە هەمان کاتیشدا شەڕی سەر شەقامەکانی نێوان بیناکانی بەڕێوبەرایەتی ئازۆڤستاڵ بەردەوامن."

لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا شاری ماریوپۆڵ گەمارۆدراوە و بەردەوام بۆردومان کراوە. بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن شارەکە بەهۆی بۆردومانەکانەوە خاپوور بووە و نزیکەی 100,000 هاوڵاتی مەدەنی هێشتا لە شارەکەدا ماونەتەوە. باوەڕیش وایە سەدان سەرباز و هاوڵاتی مەدەنی هێشتا لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵدا مابنەوە.

بەرپرسانی ئۆکرانیا بارودۆخەکەی شاری ستراتیژی ماریوپۆڵی سەر دەریای ئازۆڤ بە " کارەساتێکی مرۆیی " ناودەبەن.

ئاندریشچێنکۆ وتی ڕۆژی چوارشەممە هیچ ڕێکەوتنێک نەکراوە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ماریوپۆڵ. زۆرێک لە ڕێکەوتنەکانی پێشوو بۆ ڕێگەدان بە هاوڵاتیانی مەدەنی تاوەکو شارەکە جێبهێڵن، شکستیان هێناوە.

ڕووسیا ڕەتی دەکاتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج لە ئۆکرانیا و داگیرکارییەکەی بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناودەبات و دەڵێت ئامانج لێی لەناوبردنی توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا و نەتەوە پەرستە مەترسیدارەکانی ئەو وڵاتەیە.

ڕۆژی دووشەممە ڕووسیا پلانەکانی بۆ کردنەوەی ڕێڕەوێکی مرۆیی ڕاگەیاند بۆ ئەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی وێستگەی ئازۆڤستاڵ جێبهێڵن، بەڵام ئۆکرانیا ڕەتی کردەوە لەسەر ئەو بابەتە کرابێت لەگەڵ ڕووسیادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG