Accessibility links

هاوپەیمانێکی نزیکی پوتن دەڵێت شەڕی ئۆکرانیا خاوترە وەک لەوەی پێشبینی کرابوو


ڤیکتۆر زۆلۆتۆڤ
ڤیکتۆر زۆلۆتۆڤ

یەکێک لە نزیکترین هاوپەیمانەکانی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن وتی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا بەو خێراییە نەبووە کە کرێملن ویستبووی، ئەمەش یەکەمین دان پێدانانە لەلایەن مۆسکۆوە لەسەر ئەوەی شتەکان بەوشێوەیە نەڕۆیشتوون کە پلانی بۆ داندراوە.

سەرۆکی پاسەوانی نیشتیمانی ڕووسیا ڤیکتۆر زۆلۆتۆڤ وتی هۆکاری ئەوەی کە پێشڕەوییەکان لە ئۆکرانیا خاون ئەوەیە کە هێزەکانی ئۆکرانیا لەپشت هاوڵاتیانی مەدەنییەوە خۆیان شاردۆتەوە، ئەم تۆمەتەش چەند جارێک لەلایەن بەرپرسانی ڕووسیاوە ئاڕاستەی هێزەکانی ئۆکرانیا کراوە.

لێدوانەکانی زۆلۆتۆڤ پێچەوانەی لێدوانەکەی وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شویگۆیە کە ڕۆژی هەینی بە پوتنی وت " هەموو شتەکان بەپێی پلانەکان بەڕێوەدەچن."

زۆلۆتۆڤ کە ڕۆژێک لە ڕۆژان ئاسایشی تایبەتی پوتن بووە، وتی " دەمەوێت بڵێم بەڵێ هەموو شتەکان بەو خێراییە نەبوون کە دەمانویست."

وتی " بەڵام هەنگاو بە هەنگاو بەرەو ئامانجەکەمان دەڕۆین و سەرکەوتن بۆ ئێمە دەبێت."

زۆلۆتۆڤ بەرپرسێکی دەسەڵاتداری ئاسایشی ڕووسیایە کە پێشتر سەرۆکی دەستەی ئاسایشی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بووە.

زۆلۆتۆڤ لە ئێستادا سەرۆکایەتی پاسەوانانی نیشتیمانی دەکات، کە ئەوەش جۆرێکە لە هێزێکی سەربازیی ناوخۆیی کە پۆلیسی ڕووبەڕووبوونەوەی کاری تێکدەرانە و هێزە ناوخۆییەکانی دیکە دەگرێتە خۆی. ئەم هێزەش ڕاستەوخۆ ملکەچی فەرمانەکانی پوتنە و ڕەوانەی ئۆکرانیاش کراون.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG