Accessibility links

ئاڕ ئای ئەی: ڕووسیا هیوادارە ئەرکەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە ئۆکرانیا تێڕوانینە هەڵەکان بڕەوێنێتەوە


دیبلۆماتکارێکی باڵای ڕووسیا دەڵێت مۆسکۆ هیوادارە سەردانەکەی تیمەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بۆ وێستگەی ناوەکی زاپۆریژای ئۆکرانیا تێڕوانینە هەڵەکان سەبارەت بەوەی گوایە وێستگەکە لە بارودۆخێکی خراپدایە بڕەوێنێتەوە.

لە ماوەی ڕابردوودا دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕایگەیاند تیمێکی دەزگاکە بەڕێوەیە بۆ وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا و لەم هەفتەیەدا وێستگەکە دەپشکنن. وێستگەکە لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵکرا، هەروەها بووەتە جێی نیگەرانی لەکاتێکدا ئۆکرانیا و ڕووسیا یەکتری بە تۆمەتی بۆردومانکردنی ناوچەکانی دەوروبەری وێستگەکە تۆمەتبار دەکەن.

دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی ڕووسی لە زاری نوێنەری هەمیشەیی ڕووسیا بۆ دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی میخایل ئولیانۆڤەوە بڵاویکردەوە، ڕووسیا بەجددی کاریکردووە بۆ یارمەتیدان لە ئاسانکردنی سەردانەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بۆ وێستگەکە، هەروەها دەزگاکە داواشی کردووە هەندێک لە کارمەندەکانی بەشێوەیەکی هەمیشەیی لە وێستگەکەدا بمێننەوە.

ئولیانۆڤ گوتی " هیوادارین سەردانی تیمەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بۆ وێستگەکە سەرجەم ئەو گومانانە بڕەوێنێتەوە کە گوایە کاروبارەکان لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا لە بارودۆخێکی نەخوازراودان."

ئۆکرانیا ڕووسیای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی ئەوەی وێستگەکەی وەکو بنکەیەکی سەربازیی بەکارهێناوە، کە لەوێوە هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر شارۆچکەکانی ئۆکرانیا، ئەوەش بەهۆی ئەوەوە کە دەزانێت کیێڤ ناتوانێت وەڵامی بداتەوە.

ڕووسیا ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردۆتەوە، هاوکات ئەوەی پشتڕاست کردۆتەوە کە هێزە سەربازییەکانی لە وێستگەکەدا بوونیان هەیە، دەڵێت ئەوە بۆ پاراستنی ئاسایشی وێستگەکەیە.

ڕووسیا ئۆکرانیا تۆمەتبار دەکات بە تۆمەتی بۆردومانکردنی ناوچەکانی نزیک لە وێستگەکەوە، کیێڤیش ئەوە ڕەت دەکاتەوە.

بەرپرسێکی سەر بە ڕووسیا لە بەڕێوبەرایەتی هەرێمی زاپۆریژا وتی مۆسکۆ دڵنیا دەبێتەوە لە پارێزراوی لێکۆڵەرەوەکانی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی، کە وابڕیارە دواتر لەم هەفتەیەدا بگەنە وێستگەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG