Accessibility links

تیمەکەی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی لە ڕێگادایە بەرەو وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا


سەرۆکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی ڕافایل گرۆسی دەڵێت تیمێکی دەزگاکە بەڕێکەوتووە بۆ وێستگەی ناوەکی زاپۆریژای ئۆکرانیا، ئەمەش لەکاتێکدایە کە ئۆکرانیا و ڕووسیا یەکتری بە تۆمەتی بۆردومانکردنی ناوچەکانی دەوروبەری وێستگەکە تۆمەتبار دەکەن.

ڕافایل گرۆسی گوتی " دەبێت ئاسایش و پارێزراوی گەورەترین وێستگەی ناوەکی ئەوروپا و ئۆکرانیا بپارێزین."

گرۆسی گوتیشی تیمێکی دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتی بەڕێوەیە بۆ وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا کە دەکەوێتە باشووری وڵاتەکەوە و دواتر لەم هەفتەیەدا دەگەن.

نەتەوە یەکگرتووەکان و ئۆکرانیا داوای کشانەوەی هێزەکانی ڕووسیا و کەلوپەلە سەربازییەکانیان کردووە لە وێستگەکەدا، ئەوەش بۆ ئەوەی دڵنیا ببنەوە لەوەی ئەو هێز و کەلوپەلە سەربازییانەی ناو وێستگەکە نەبنە ئامانج.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی گوتی هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی شاری ئینەرهۆدارییان کردووە، ئەو شارەی کە وێستگەکەی تێدایە.

لە ماوەی ڕابردووشدا سوپای ئۆکرانیا وتی ڕووسیا بۆردومانی نۆ شارۆچکەی ئەوبەری ڕووباری دنیپرۆ کردووە.

لەلای خۆیەوە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا ڕایگەیاند نۆ گولەی هێزەکانی ئۆکرانیا کەوتوونەتە ناو وێستگەکەوە.

دەزگای هەواڵی ڕووسیا لە زاری بەرپرسانی وڵاتەکەوە بڵاویکردەوە هێزەکانی ڕووسیا فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانییان خستۆتە خوارەوە کە بەنیاز بووە هێرش بکاتە سەر کۆگایەکی پاشماوەی ناوەکی وێستگەکە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG