ڕوسیا ڕایگەیاند ئەرمینیا و ئازەربایجان ڕێکەوتوون لەسەر بەشداریکردن لە دانوستانەکانی مۆسکۆ کە ئامانج لێی کۆتای هێنانە بە شەڕ و پێکدادانەکانی ناگۆرنۆ کاراباخ، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن داوای ئەو کۆبوونەوەیەی کرد.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕوسیا ماریا زاخارۆڤا بە فرانس پرێسی وت " باکۆ و یەریڤان جەختیان لە بەشداربوونیان کردۆتەوە لە دانوستانەکانی مۆسکۆدا و ئامادەکاریی دەکرێت بۆ گفتوگۆکان کە هەردوو وەزیری دەرەوەی دوو وڵاتەکە بەشداری تێدا دەکەن."
بەڵام بەرپرسانی وەزارەتی بەرگری ئەرمینیا و ئازەربایجان ئاماژەیان بەوەدا شەڕ و پێکدادانەکان شەوی پێنجشەممە و هەینیش بەردەوام بوون و ژمارەیەک هاوڵاتی مەدەنی کوژراون.
ڕۆژی پێنجشەممە کرێملن ڕایگەیاند دوای چەند پەیوەندییەکی تەلەفونی لەگەڵ سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆڵ باشنیان و سەرۆکی ئازەربایجان ئیلهام عەلیفدا، پوتن داوای کردووە توندوتیژییەکان لە ناگۆرنۆ کاراباخ بوەستێنرێن و ڕێگە بدرێت بە " گۆڕینەوەی لاشە و زیندانیەکان."
سەرچاوە/ فرانس پرێس