Accessibility links

وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا: ڕووسیا بەندکراوێکی ئەمەریکایی ئازاد دەکات پێش گفتوگۆکان لەگەڵ واشنتندا


وتەبێژێکی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ وتی حکومەتی ڕووسیا هاووڵاتییەکی بەندکراوی ئەمەریکایی ئازاد کردووە پێش گفتوگۆکانی نێوان بەرپرسانی ئەمەریکا و ڕووسیا لە سعودیە، ئەمەریکاییەکە گوایە بڕێکی کەم لە ماریوانای پێبووە و دەستبەسەرکراوە.

کالۆب بایەرسی تەمەن 28 ساڵ لە 7 ی مانگی دوودا لە فڕۆکەخانەی ڤنۆکۆڤۆی مۆسکۆ لە ماوەی پشکنینی جانتاکەیدا دەستبەسەرکرا، ئەوەش دوای ئەوەی بەرپرسانی گومرگ ماددەی کانابیسیان لە جانتاکەیدا دۆزیبووەوە.

وتەبێژی باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ وتی ئازادکردنی بایەرس لەلایەن مۆسکۆوە " ئاماژەیەکی پێشوازییە."

کرێملن ڕۆژی دووشەممە کاتێک پرسیاری لێکرا کە ئایا ئازادکردنی بایەرس ئاماژەیەک بووە لەسەر گەرمبوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ڕووسیا، وتی گفتوگۆکان لە ڕیازی پایتەختی سعودیە ئامانج لێیان ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان مۆسکۆ و واشنتنە.

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دەتوانرێت کۆمەڵێک شت لەم چوارچێوەیەدا سەیر بکرێت."

دایکی بایەرس، تۆنیا شولەر، ڕۆژی شەممە وتی کوڕەکەی ئێستا " لەلای ئەمەریکاییەکانە لە باڵیۆزخانەی ئەمەریکا و چاوەڕێی گەشتەکەی دەکات بۆ ماڵەوە."

بایەرس ڕووبەڕووی سزای 10 ساڵ زیندانیکردن بووەوە لەسەر تۆمەتی قاچاخچێتیکردن بە دەرمانەوە.

لانیکەم 10 هاووڵاتی ئەمەریکایی دیکە لە ڕووسیادا لە زینداندا ماونەتەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG