Accessibility links

ڕووسیا ماوەی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسێکی ئەمەریکایی درێژ دەکاتەوە

ئیڤان گێرشکۆڤیچ
ئیڤان گێرشکۆڤیچ

دادگایەکی ڕووسیا ماوەی دەستبەسەرکردنی ڕۆژنامەنووسی ئەمەریکایی ئیڤان گێرشکۆڤیچی تاوەکو 30 ی مانگی یەکی ساڵی 2024 درێژ کردەوە.

دوای دانیشتنێکی داخراویی دادگاکە لە ڕۆژی سێشەممەدا، درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنەکەی گێرشکۆڤیچ بۆ دوو مانگی دیکە ڕاگەیەندرا.

گێرشکۆڤیچ کە ڕۆژنامەنووسی ڕۆژنامەی واڵ ستریت جێرناڵە، لە مانگی سێدا و لە کاتی ڕووماڵکردنی گەشتێکدا لە یەکاتیرینبێرگ بە تۆمەتی سیخوڕی دەستگیرکرا.

گێرشکۆڤیچ و ڕۆژنامەکە ئەو تۆمەتەیان ڕەت کردووەتەوە، حکومەتی ئەمەریکاش وتوویەتی گێرشکۆڤیچ بە هەڵە دەستبەسەرکراوە.

باڵیۆزخانەی ئەمەریکا لە مۆسکۆ وتی بەرپرسانی باڵیۆزخانەکە ئامادەی دانیشتنەکەی ڕۆژی سێشەممە بوون.

باڵیۆزخانەکە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی " ئێمە زۆر نیگەرانین سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگا بۆ درێژکردنەوەی ماوەی دەستبەسەرکردنەکەی پێش دادگاییکردنەکەی بۆ دوو مانگی دیکە. جەخت لە داواکانمان دەکەینەوە بۆ دەستبەجێ ئازادکردنی."

ڕۆژنامەی واڵ ستریت وتی گێرشکۆڤیچ " نادادپەروەرانە بۆ ماوەی نزیکەی 250 ڕۆژ زیندانیکرا "، هەروەها داوای دەستبەجێ ئازادکردنی کرد.

ڕۆژنامەکە وتی " تۆمەتەکانی دژی گێرشکۆڤیچ دروست نین و بەردەوامبوونی زیندانیکردنی هێرشێکی بێ شەرمانە و بێزارکەرە بۆ سەر ئازادی ڕۆژنامەگەری، کە زۆر گرنگە بۆ کۆمەڵگەیەکی ئازاد."

ڕووسیا هیچ بەڵگەیەکی نەخستووەتە ڕوو بۆ پشتیوانیکردن لەو تۆمەتی سیخوڕییەی کە داویەتییە پاڵ گێرشکۆڤیچ.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

This item is part of
XS
SM
MD
LG