Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیاوە 3 کەس لە هەرێمی کیێڤ کوژراون


بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن بەهۆی هێرشێکی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ڕووسیاوە لە هەرێمی کیێڤ لانیکەم سێ کەس کوژراون.

دەزگای فریاگوزاری بەپەلەی ئۆکرانیا وتی هێرشەکە دامەزراوەی قوتابخانەیەکی لە ژیشیچیڤ کردۆتە ئامانج کە دەکەوێتە دووری 60 کم لە باشووری کیێڤی پایتەختەوە، زیانی بە دوو شوێنی نیشتەجێبوونی قوتابیان و بینایەکی خوێندن گەیاندووە.

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی ڕووسیا هێرشەکانی لە ڕێی " 20 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بکوژی ئێرانی و موشەک و تۆپهاوێژەوە " ئەنجامداوە.

زێلێنسکی وتی " هەر کاتێک کەسێک هەوڵ بدات گوێی لە وشەی " ئاشتی " بێت لە مۆسکۆ، کەسێکی دیکە لەوێ فەرمان دەکات ئەم جۆرە هێرشە تاوانکارییە ئەنجام بدرێت."

وتیشی سەرکەوتنی هێزەکانی ئۆکرانیا " ئاشتی نزیکتر دەکاتەوە " لە کاتێکدا داوای لە یەکگرتوویی جیهان و پابەندبوون کرد بەو سزایانەوە کە سەپێندراون بەسەر ڕووسیادا.

ڕۆژی سێشەممە سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن ستایشی پێشنیاری ئاشتی چینی کرد بۆ جەنگەکەی ناو ئۆکرانیا، هاوکات جەختی لەوە کردەوە کە ئۆکرانیا و هاوبەشەکانی لە ڕۆژئاوا ئامادە نین گفتوگۆی ئاشتی ئەنجام بدەن.

زێلێنسکی وتوویەتی تەنها لە کاتێکدا گفتوگۆی ئاشتی دەکرێت کاتێک ڕووسیا سەرجەم هێزەکانی لەسەر خاکی ئۆکرانیا دەکشێنێتەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG