Accessibility links

ڕووسیا دوو کارمەندی وێستگەی زاپۆریژا دەستبەسەر دەکات بەهۆی پێدانی زانیاری بە ئۆکرانیا


پاسەوانی نیشتیمانی ڕووسیا دەڵێت دوو کارمەندی ئۆکرانی لە وێستگەی ناوەکی زاپۆریژا دەستبەسەرکراون، ئەوەش بەهۆی پێدانی زانیارییەوە بە بەرپرسانی ئۆکرانیا.

لە سەرەتای داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا، هێزەکانی ڕووسیا وێستگەی ناوەکی زاپۆریژای ئۆکرانیایان کۆنتڕۆڵ کرد، بەڵام هێشتا کارمەندانی ئۆکرانیا وێستگەکە بەڕێوەدەبەن.

سوپای پاسەوانی نیشتیمانی ڕووسیا گوتی ڕێگەی لە " کردەوەیەکی نایاسایی " گرتووە کە هەڕەشەی لەسەر ئاسایشی وێستگەکە دروست کردووە و دوو کارمەندی دەستگیرکردووە، کە زانیارییان سەبارەت بە شوێنی سەربازەکان و کەلوپەلەکانی لە وێستگەکەدا داوە بە هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیا.

گوتیشی کەسی سێیەمیشیان دەستبەسەر کردووە کە ڕێوشوێنەکانی چوونە ناوەوەی بۆ وێستگەکە پێشێل کردووە، لە بەیاننامەیەکدا گوتی " دەستبەسەرکراوەکان هاوبەشی هێزە چەکدارەکانی ئۆکرانیان کە زانیارییان لەسەر شوێنی جموجۆڵی کاروانی کەلوپەلەکانی ڕووسیایان گواستۆتەوە."

ڤلادیمیر ڕۆگۆڤی بەرپرسی بەڕێوبەرایەتی ئەو بەشەی زاپۆریژا کە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕووسیادایە و مۆسکۆ لەو پۆستەدا دایناوە وتی دوو کەسی دیکە لە 17 ی مانگی هەشتدا دەستگیرکراون، یەکێکیان پاسەوان بووە و ئەوی دیکەیان ئەندازیار بووە، بە تۆمەتی یارمەتیدانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە هێرشەکانیاندا بۆ سەر وێستگەکە تۆمەتبار کراون.

ئۆکرانیا ڕەتی دەکاتەوە هێرشی کردبێتە سەر وێستگەکە و دەڵێت ڕووسیا وێستگەکە وەکو زریپۆشێک بەکاردەهێنێت بۆ ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر دەوروبەری ناوچەکە.

نەتەوە یەکگرتووەکان داوای کردووە ناوچەکە لە چەک پاکبکرێتەوە و دەزگای وزەی ئەتۆمی نێودەوڵەتیش داوا دەکات سەردانی وێستگەکە بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG