Accessibility links

گروپێکی مافەکانی مرۆڤ: زیاتر لە 1300 کەس لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە کۆکردنەوەی سەرباز لە ڕووسیا دەستبەسەرکراون


گروپێکی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە خۆپیشاندانەکانی دژ بە کۆکردنەوەی سەرباز لە ڕووسیا زیاتر لە 1300 کەس لەلایەن هێزەکانی ئاسایشەوە دەستبەسەرکراون، ئەوەش چەند کاتژمێرێک دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن بۆ یەکەمین جار لە دوای جەنگی جیهانی دووەمەوە فەرمانی بە کۆکردنەوەی سەرباز کرد بۆ شەڕکردن لە ئۆکرانیا.

گروپی ئۆ ڤی دی ئینفۆ کە چاودێری خۆپیشاندانەکان دەکات گوتی بەپێی ئەو زانیارییانەی کە لە 38 شاری ڕووسیاوە دەستی کەوتووە، زیاتر لە 1311 کەس دەستبەسەر کراون.

گوتیشی لانیکەم 502 کەسییان لە مۆسکۆ و 524 کەسی دیکەیان لە سەینت پیتەرسبێرگ دەستبەسەر کراون.

بەپێی یاساکانی دژ بە خۆپیشاندان لە ڕووسیا، گردبوونەوە بێ مۆڵەتەکان نایاسایین.

دەزگاکانی ڕاگەیاندنی ڕووسیا لە زاری بەرپرسی وەزارەتی ناوخۆی ڕووسیا ئایرینا ڤۆلکەوە بڵاوییان کردەوە " لە کۆمەڵێک ناوچەدا هەوڵی ئەنجامدانی کاری بێ مۆڵەت دراوە کە ژمارەیەکی زۆر کەم خەڵک بەشدارییان تێدا کردووە."

گوتی " سەرجەمییان وەستێندراون. ئەو کەسانەشی کە یاساکانییان پێشێل کردووە دەستبەسەر کراون و گواستراونەتەوە بۆ بنکەکانی پۆلیس تاوەکو لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت و بە بەرپرس دابندرێن."

دوای ئەوەی پوتن داوای کۆکردنەوەی 300,000 سەربازی کرد، گەشتەکان لە ڕووسیاوە بۆ دەرەوەی ئەو وڵاتە بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیکرد و نرخی گەشتەکانیش بەرز بوونەوە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG