ڕۆژی دووشەممە ڕوسیا زۆرترین ژمارەی حاڵەتەکانی توشبوونی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە وڵاتەکەدا تۆمارکرد، هەندێک لە ناوچەکانی وڵاتەکە شوێنەکانی کارکردنیان داخستووە، ئەوەش لەپێناو بەرەنگاربوونەوەی زیادبوونی حاڵەتەکانی توشبوون و گیان لە دەستدان بەهۆی ڤایرۆسەکەوە.
بەهۆی خراپبوونی ڕەوشی ڤایرۆسەکە و خاوی وەرگرتنی ڤاکسین لەلایەن دانیشتوانی وڵاتەکەوە، بەرپرسانی ڕوسیا لەم هەفتەیەدا ڕێوشوێنی توندتر دەگرنەبەر بۆ خاوکردنەوەی خێرایی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە لە وڵاتەکەدا.
هەفتەی ڕابردوو سەرۆکی ڕوسیا ڤلادیمێر پوتن ڕایگەیاند لە 30 ی مانگی 10 ەوە تاوەکو 7 ی مانگی یانزە شوێنەکانی کارکردن دادەخرێن وکارمەندەکانیش لەو ماوەیەدا کە کار ناکەن پارەیان هەر بۆ حساب دەکرێت، وتیشی ناوچەکان دەتوانن بەپێی ڕەوشی ڤایرۆسەکە تیایاندا ئەو ماوەیە درێژتر بکەنەوە یاخود زووتر دەستیپێبکەن.
دەزگای هەواڵی تاس وتی شەش ناوچەی ڕوسیا، بە سامارا و پێرمیشەوە لە ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆ، بڕیارەکەی پوتنیان جێبەجێ کردووە، هەروەها ڕێوشوێنی توند بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسەکە دەگیردرێتەبەر، تەنها ئەو مارکێت و دەرمانخانانەی کە پێویستن بە کراوەیی دەمێننەوە.
خوێندنگاکانی مۆسکۆش داخراون، ئەو هاوڵاتیانەی تەمەنیان لە سەروو 60 ساڵەوەیە و تاوەکو ئێستا ڤاکسینیان وەرنەگرتووە، فەرمانیان پێکراوە لە ڕۆژی دووشەممەوە بۆ ماوەی چوار مانگ خۆیان کوارەنتین بکەن.
دەزگای هەواڵی ئاڕ ئای ئەی وتی بەرپرسانی دووەمین گەورەترین شاری ڕوسیا، سەینت پیتەرسبێرگ دەڵێن ڕێوشوێنەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەردەوام دەبن تاوەکو لە سەدا 80 ی دانیشتوانەکەی ڤاکسین وەردەگرن.
تاوەکو ئێستا تەنها سێیەکی دانیشتوانی سەرانسەری ڕوسیا ڤاکسینیان وەرگرتووە.
جێی ئاماژەیە پوتن فەرمانی بە گرتنەبەری کۆمەڵێک ڕێوشوێن کردووە، لەوانەش زیادکردنی پشکنینەکان و چاودێریکردنێکی زیاتر بەسەر بەکارهێنانی دەمامک و دوورکەوتنەوەی کۆمەڵایەتی و خێراکردنی هەڵمەتی کوتان دژی ڤایرۆسەکە، کارمەندانی دامەزراوە حکومییەکانیش ئەگەر ڤاکسین وەربگرن ئەوا دەتوانن دوو ڕۆژ پشوو وەربگرن و پارەشیان بۆ حساب دەکرێت.
لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا بەرپرسانی ڕوسیا 37,930 حاڵەتی نوێی توشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکردووە، هەروەها 1,069 حاڵەتی گیان لەدەستدانیش لەو ماوەیەدا تۆمارکراوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز