Accessibility links

ئۆکرانیا دەڵێت هێزەکانی ڕووسیا لە زۆرێک لە بەرەکانەوە شەڕ دەکەن


بەرپرسانی ئۆکرانیا دەڵێن بۆردومانەکانی سەر دەوروبەری کیێڤ و هەرێمی چێرنیهیڤی باکووری وڵاتەکە بەردەوامە، ئەمەش سەرەڕای بەڵێنەکەی مۆسکۆ بۆ کەمکردنەوەی ئەرکە سەربازییەکانی لەو ناوچانەدا.

فەرمانڕەوای هەرێمەکە وتی هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی سەرجەم شارەکانیان لە بەرەکانی پێشەوەی جەنگەکە کردووە کە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی حکومەتی ئۆکرانیا و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی جیاخوازەکانی هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە جیادەکاتەوە. هەروەها هەواڵی شەڕ و پێکدادانێکی سەختیش هەبووە لە شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراو.

ڕاوێژکاری سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئۆلێکسی ئاریستۆڤیچ وتی ڕووسیا هێزەکانی لە باکووری ئۆکرانیاوە دەگوازێتەوە بۆ ناوچەکانی ڕۆژهەڵات، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ گەمارۆدانی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ڕۆژهەڵاتی وڵاتەکە.

وتیشی ڕووسیا هەندێک لە هێزەکانی لە نزیک کیێڤ دەهێڵێتەوە لە هەوڵێکدا بۆ ڕێگریکردن لە ڕەوانەکردنی هێزی پشتیوانی بۆ بەرەی ڕۆژهەڵات لەلایەن ئۆکرانیاوە.

وتی " سەرەڕای ئەوەی ڕووسیا هەندێک لە هێزەکانی لە دەوروبەری کیێڤ دەکشێنێتەوە، بەڵام هەندێک هێزی هێشتۆتەوە تاوەکو ڕێگە نەدات هێزەکانمان لە کیێڤ دەربچن."

جێگری سەرۆکی شارەوانی کیێڤ میکۆلا پۆڤۆرۆزنیک وتی شەوی ڕابردوو پایتەخت بۆردومان نەکراوە.

وتی " شەوی ڕابردوو بارودۆخەکە هێمن بوو، زەنگی ئاگادارکردنەوە و دەنگی تەقەکردن هەبوو لە دەوروبەری شارەکە، بەڵام شارەکە بۆ خۆی بۆردومان نەکرا."

فەرمانڕەوای هەرێمی چێرنیهیڤ ڤیاچێسلاڤ چاوس وتی " ڕووسیا هێرشەکانی کەم نەکردۆتەوە."

وتی " بڕوامان بە بەڵێنەکەی ڕووسیا هەیە بۆ کەمکردنەوەی چالاکییە سەربازییەکانی ؟ بێگومان نەخێر."

وتی " کەمکردنەوەی چالاکییەکان لە هەرێمی چێرنیهیڤ لەلایەن دوژمنەوە پیشاندرا، ئەوەش لەڕێی ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر شاری نیژین و هەموو شەوی ڕابردوو بۆردومانی چێرنیهیڤییان کردووە."

فەرمانڕەوای هەرێمی خمیلنیتسکی لە ڕۆژئاوا ئۆکرانیا وتی شەوی ڕابردوو هێزەکانی ڕووسیا لە سێ هێرشی ئاسمانیدا دامەزراوە پیشەسازییەکانیان لە هەرێمەکە کردۆتە ئامانج.

فەرمانڕەوای هەرێمەکە سێرهی هامالی هیچ وردەکارییەکی نەدا لەسەر ئامانجەکان و زیانەکان، بەڵام وتی پشکنین دەکرێت تاوەکو بزانرێت هێرشەکان قوربانییان لێکەوتۆتەوە یاخود نا.

ئاریستۆڤیچ وتی " شەڕی کۆڵان بە کۆڵانەکانی ماریوپۆڵ سەخت بووە و نیوەی شارەکە لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کۆنتڕۆڵکراوە."

فەرمانڕەوای هەرێمی میکۆلایڤ لە باشووری ئۆکرانیا ڤیتالی کیم وتی شەڕ و پێکدادانەکان لە دەوروبەری شاری خێرسۆنی داگیرکراو و سەرانسەری هەرێمەکە بەردەوام بوون.

کیم وتی " ئیسراحەت ناکەین، کار لەسەر پتەوکردنی توانا بەرگرییەکانمان دەکەین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG