Accessibility links

یۆنهاپ: ڕووسیا پێشنیاری مەشقێکی دەریایی هاوبەش دەکات لەگەڵ کۆریای باکوور و چیندا

دەزگای هەواڵی یۆنهاپی کۆریای باشوور لە زاری دەزگای هەواڵگری کۆریای باشوورەوە بڵاویکردەوە وەزیری بەرگری ڕووسیا پێشنیارێکی بۆ ڕابەری کۆریای باکوور کیم جۆنگ ئون کردووە کە وڵاتەکانییان لەگەڵ چیندا مەشقێکی دەریایی هاوبەش ئەنجام بدەن.

وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شوێگۆ لە مانگی حەوتدا بە بۆنەی ساڵیادی 70 ساڵەی کۆتایی هاتنی جەنگی کۆریاوە سەردانی کۆریای باکووری کرد و چاوی بە کیم جۆنگ ئون کەوت.

شوێگۆ و کیم ئامادەی نمایشێکی چەکەکانی کۆریای باکوور بوون، کە تێیدا موشەکە باڵیستیکییە قەدەغەکراوەکانی کۆریای باکوور پیشاندران.

یۆنهاپ بڵاویکردەوە شوێگۆ لە ماوەی سەردانەکەیدا پێشنیاری مەشقێکی سێ لایەنەی کردووە بۆ کیم جۆنگ ئون.

وتیشی دەزگای هەواڵگری نیشتیمانی کۆریای باشوور بە ئەنجومەنی نیشتیمانی وتووە شوێگۆ وادیار بووە کە کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ کیمدا ئەنجام دابێت، ئەوەش بە مەبەستی فراوانکردنی هاریکارییە سەربازییەکانی نێوانییان.

لەمدواییانەدا ڕووسیا و کۆریای باکوور داوای پەیوەندییەکی نزیکترییان کردووە، بەڵام کۆریای باکوور ڕەتی کردووەتەوە هیچ " مامەڵەیەکی چەکی " لەگەڵ ڕووسیادا هەبووبێت.

مانگی ڕابردوو وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتیمانی کۆشکی سپی جۆن کیربی بە ڕۆژنامەنووسانی وت شوێگۆ لە ماوەی سەردانەکەیدا هەوڵیداوە کۆریای باکوور تەقەمەنی تۆپهاوێژ بە ڕووسیا بفرۆشێت.

لەمدواییانەشدا ئەمەریکا سزای بەسەر چەند لایەنێکدا سەپاند بە تۆمەتی ئەوەی پەیوەندییان بە گرێبەستەکانی چەکی نێوان کۆریای باکوور و ڕووسیاوە هەبووە.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

This item is part of
XS
SM
MD
LG