Accessibility links

ڕووسیا و چین مەشقی دەریایی ئەنجام دەدەن


وەزارەتی بەرگری ڕووسیا دەڵێت ڕووسیا و چین مەشقە سەربازییە دەریاییەکانیان لە ڕۆژهەڵاتی دەریای چین تەواو کردووە، ئەوەش دوای هەفتەیەک لە مەشقی هاوبەش کە ڕاهێنانیان لەسەر چۆنێتی گرتنی ژێرئاوگەڕی دوژمن کرد و لە کەشتییە جەنگییەکانەوە تۆپهاوێژییان تاقی کردەوە.

دەزگای هەواڵی شینخوای چینی وتی مەشقە سەربازییەکە کە لە 21 ی مانگی دوانزەدا دەستیپێکرد، کەشتیگەلی هێزی دەریایی ڕووسیا لە پاسێفیک بەشداری تێدا کرد و لە ئاوەکانی دەرەوەی ژاوشان و تایژۆی هەرێمی ژیژیانگی چین بەڕێوەچوون.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی " کەشتییە جەنگییەکانی کەشتیگەلی پاسێفیک و هێزی دەریایی سوپای ئازادی گەلی چین لە چوارچێوەی کاری مەشقە دوو لایەنە دەریاییەکاندا ئەرکەکانیان تەواو کرد."

وتیشی " کەشتییەکانی دوو وڵاتەکە بە پشتیوانی فڕۆکەکانی دژ بە ژێرئاوگەڕەکان بە هاوبەشی گەڕان بەدوای ژێرئاوگەڕی دوژمندا و تەقەیان لێکرد."

وەزارەتەکە ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە کە تیایدا کۆمەڵێک کەشتی جەنگی ڕووسی و چینی لە دەریای ڕۆژهەڵاتی چیندا دەردەکەون و کەشتیوانەکانی ڕووسیا بە زمانی ماندارین قسە لەگەڵ هاوتا چینییەکانیاندا دەکەن و کەشتییە ڕووسییەکان موشەک هەڵدەدەن.

لەلایەکی دیکەوە دەزگای هەواڵی تاس بڵاویکردەوە بڕیارە سەرۆکی چین شی جینپینگ پێش کۆتایی ساڵ قسە لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتندا بکات.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG