فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆد وتی بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە دامەزراوەیەکی سەر بە وەزارەتی بەرگری ڕووسیا لە هەرێمی بێلگۆرۆدی باشووری ڕووسیا کە سنووری بە ئۆکرانیاوەیە کەسێک برینداربووە.
فەرمانڕەوای هەرێمی بێلگۆرۆد ڤیاچێسلاڤ گلادکۆڤ وتی دانیشتوویەکی ناوچەکە بە سووکی برینداربووە و خێزانەکەشی لە مەترسیدا نەبووە. وتیشی بەهۆی ڕووداوەکەوە حەوت خانوو زیانییان بەرکەوتووە.
تاوەکو ئێستا وەزارەتی بەرگری ڕووسیا هیچ لێدوانێکی نەداوە و نەزاندراوە هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکە چی بووە.
لە هەواڵێکی جیادا، فەرمانڕەوای هەرێمی کورسک کە بە هەمان شێوە هەرێمەکە سنووری بە ئۆکرانیاوەیە، وتی پردێکی هێڵی ئاسنین زیانی بەرکەوتووە کە شەمەندەفەرە بارهەڵگرەکان بەکارییان هێناوە.
فەرمانڕەوای هەرێمی کورسک ڕۆمان ستارۆڤۆیت ڕووداوەکەی بە کارێکی تێکدەرانە ناوبرد.
مانگی ڕابردوو ڕووسیا ئۆکرانیای بە تۆمەتی ئەنجامدانی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر عەمبارێکی نەوت لە بێلگۆرۆد تۆمەتبار کرد، بەڵام کیێڤ بەرپرسیارێتی هێرشەکەی ڕەت کردەوە، هەروەها ڕەتیشی کردەوە بۆردومانی گوندەکانی کردبێت و موشەکی ئاڕاستەی کۆگایەکی تەقەمەنی ڕووسی کردبێت.
لە دوای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا کە خۆی بە " ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی تایبەت " ناوی دەبات، هەرێمەکانی دیکەی ڕووسیا کە سنوورییان بە ئۆکرانیاوە هەیە باسیان لە ڕووداوی بۆردومانکردنی هەرێمەکانیان کردووە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکەوە لە شوێنێکی سەربازیی ڕووسیا لە نزیک ئۆکرانیا کەسێک بریندار دەبێت
