Accessibility links

ئۆکرانیا: ڕووسیا " شەڕی دۆنباس " لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا دەستپێدەکات


سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی

سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی هێزەکانی ڕووسیا هەوڵیانداوە بەدرێژایی هێڵەکانی پێشەوەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بەرگرییەکانی ئۆکرانیا ببڕن و " شەڕی دۆنباسییان " دەستپێکردووە.

زێلێنسکی وتی " ژمارەیەکی زۆر لە سوپای ڕووسیا ئێستا سەنگیان خستۆتەسەر سەر ئەم هێرشە. گرنگ نیە چەند هێز دەنێرن بۆ ئەوێ، ئێمە شەڕ دەکەین و بەرگری لە خۆمان دەکەین."

سەرۆکی ستافی سەرۆکایەتی ئۆکرانیا ئاندرێ یەرماک دڵنیایی دایە ئۆکرانییەکان و وتی هێزەکانیان دەتوانن هێرشەکانی ڕووسیا پوچەڵ بکەنەوە.

وتی " باوەڕتان بە سوپاکەمان هەبێت، زۆر بەهێزە."

هاوکات لە ماریوپۆڵی گەمارۆدراوی خاپورکراو، ڕووسیا تاوەکو دوانیوەڕۆی داوە بەو هێزانەی ئۆکرانیا کە لە ماریوپۆڵ ماونەتەوە تاوەکو خۆیان بدەن بە دەستەوە.

وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی " سەرجەم ئەوانەی کە چەکەکانیان دادەنێن گرەنتییان دەدەینێ لەژیاندا دەمێنن."

جیاخوازەکانی سەر بە ڕووسیا وتی هێزەکانی سەر بە مۆسکۆ ئامادەکاری دەکەن بۆ هێرش کردنە سەر کارگەکەی ئازۆڤستاڵ، کە باوەڕ وایە دوایین شوێنی هێزەکانی ئۆکرانیا بێت لە ماریوپۆڵ.

دوای ئەوەی لە مانگی سێدا هێزەکانی ڕووسیا ناچار کران لە باکووری ئۆکرانیا بکشێنەوە، ڕووسیا هێزەکانی ڕەوانەی ڕۆژهەڵات کردووە تاوەکو هێرش بکەنە سەر دوو هەرێمەکەی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە بە دۆنباس ناسراون. هاوکات لە دوورەوە موشەکی ئاڕاستەی کیێڤی پایتەخت و شارەکانی دیکە کردووە.

ڕاگەیاندنەکانی ئۆکرانیا ئاماژەیان بە دەنگی تەقینەوەی بەهێز داوە لە هێڵەکانی پێشەوەی هەرێمی دۆنێتسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، هەروەها لە مارینکا و سلۆڤیانسک و کراماتۆرسک بۆردومانەکان بەردەوامن.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG