Accessibility links

هێزەکانی ڕووسیا بۆردومانی باخموتی ئۆکرانیا دەکەن


ڕۆژی دووشەممە ڕووسیا بۆردومانێکی سەختی شاری باخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیای کرد و سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ وتی بۆردومانەکانی ڕووسیا وادەردەکەوێت دەستپێکی هێرشێکی گەورەی ڕووسیا بێت لە کاتێکدا کە ساڵیادی یەکەمی جەنگەکە نزیک بۆتەوە.

بەرپرسانی سەربازی ئۆکرانیا وتیان بەرگریکارانی ئۆکرانیا کە بۆ ماوەی چەندین مانگە لە باخموت خۆیان گرتووە، ڕووبەڕووی هێرشی وشکانی دیکەش بوونەتەوە.

جێگری فەرماندەی یەکەیەکی سەربازی ئۆکرانیا وتی پێگەکان لە باخموت پتەوکراون و تەنها ئەو کەسانە ڕێگەیان پێدەدرێت بێنە ناوەوە کە ڕۆڵی سەربازییان هەیە. هەر هاوڵاتییەکی مەدەنی کە هێشتا لەوێ ماوە و دەیەوێت شارەکە جێبهێڵێت، دەبێت بوێری تێدا بێت ڕووبەڕووی تەقەی دوژمن ببێتەوە.

باخموت ئامانجی سەرەکی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتنە و گرتنی شارەکە پێگەیەکی بەهێز دەداتە ڕووسیا لە هەرێمی دۆنێتسک و سەرکەوتنێکی دەگمەن دەبێت دوای چەندین مانگ لە شکستی هێزەکانی ڕووسیا. هەرێمەکانی دۆنێتسک و لوهانسکی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا هەرێمی دۆنباس پێکدەهێنن، کە دڵی پێشەسازی ئۆکرانیایە و بەشێکی لەلایەن ڕووسیاوە داگیرکراوە و مۆسکۆ دەیەوێت بە تەواوەتی داگیری بکات.

لەلایەکی دیکەوە سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " ڕاستییەکە ئەوەیە کە دەستپێکی هێرشێکی ڕووسیامان بینی چونکە دەبینین ئەوەی کە ئێستا ڕووسیا و سەرۆک پوتن دەیکەن ڕەوانەکردنی هەزاران و هەزاران سەربازی دیکەیە، کوژرانی ژمارەیەکی زۆر زۆری لە سەربازەکانی خۆی قبوڵکردووە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG