Accessibility links

یەکەیەکی ئۆکرانیا دەڵێت لیوایەکی ڕووسیایی لە قەراغ شاری باخموت هەڵاتوون


یەکەیەکی سەربازی ئۆکرانیا دەڵێت لیوایەکی پیادەی ڕووسیایان لە ناوچەیەکی هێڵەکانی پێشەوەی نزیک باخموت دوورخستۆتەوە.

سەرکردەی هێزە پیادەکانی ئۆکرانیا جەنەڕاڵ ئۆلیکساندەر سیرسکی وتی یەکەکانی ڕووسیا لە هەندێک لە بەشەکانی باخموت بۆ 2 کم کشاونەتەوە، ئەوەش بەهۆی هێرشە پێچەوانەکانی ئۆکرانیاوە. بەڵام هیچ وردەکارییەکی دیکەی نەدا.

هێزەکانی گروپی سەربازی بەکرێگیراوی واگنەری ڕووسیا ماوەی چەند مانگێکە ڕابەرایەتی هێرشەکان دەکەن بۆ سەر شاری باخموتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا، بەڵام ئۆکرانییەکان دەڵێن هێرشەکانییان ڕاگیراون.

تاوەکو ئێستا مۆسکۆ لێدوانی لەسەر کشانەوەی لیوا ڕووسییەکە نەداوە لە باشووری ڕۆژئاوای قەراغ شاری باخموت. ڕۆیتەرز دەڵێت نەیتوانیوە بە شێوەیەکی سەربەخۆ دۆخەکە پشتڕاست بکاتەوە.

لیوایەکی ڕووسیا پێکهاتووە لە چەندین هەزار سەرباز، باخموت ئامانجی سەرەکی هێرشە زستانەکەی مۆسکۆ بووە و هەروەها لە جەنگی جیهانی دووەمەوە تاوەکو ئێستا خوێناویترین شەڕی تێدا بووە لە ئەوروپادا.

جێگری وەزیری بەرگری ئۆکرانیا هانا مایلار وتی ڕۆژی چوارشەممە یەکەکانی سەر بە کیێڤ تەنانەت یەک شوێنیشیان لە دەست نەداوە.

سەرۆکی گروپی واگنەر یەڤیگنی پریگۆژین کە چەندین جار هێزە چەکدارە ئاساییەکانی ڕووسیای تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پشتیوانی نەکردنی چەکدارەکانی واگنەر، ڕۆژی سێشەممە وتی لیوایەکی ڕووسیا شوێنەکانییان جێهێشتووە.

پریگۆژین وتی " سوپاکەمان هەڵدێت. لیوای 72 ئەم بەیانییە بۆ سێ کم کشاونەتەوە، کە لەوێ نزیکەی 500 پیاوم لە دەستدا."

لیوای سێی هێرشی ئۆکرانیا وتی " ئەوە فەڕمییە، ڕاپۆرتەکەی پریگۆژین سەبارەت بە هەڵاتنی لیوای 72 ی ڕووسیا لە نزیک باخموت و ئەو 500 تەرمەی کە لە دوای خۆیان جێیان هێشتووە ڕاستە."

سەرکردایەتی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا وتی لیوا ڕووسییەکە زیانێکی زۆر گەورەیان بەرکەوتووە، بەڵام ڕووسیا هێشتا هەوڵی گرتنی شارەکە دەدات.

وتەبێژی سەرکردایەتییەکە سێرهێی چیریڤاتی وتی " بە داخەوە هێشتا سەرجەم لیوا ڕووسییەکەیان لە ناونەبردووە."

وتیشی " دۆخی باخموت هێشتا سەختە، چونکە بۆ دوژمن، سەرەڕای هەموو ئەو ژاوە ژاوەی پریگۆژین هەوڵی دروستکردنی دەدات، باخموت هێشتا ئاڕاستەی سەرەکی هێرشەکانە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG