چەند ڕۆژێک دوای ئەوەی ڕووسیا سەرکەوتنی لە شاری ماریوپۆڵی گەمارۆدراوی ئۆکرانیا ڕاگەیاند و وتی هێزەکانی پێویست ناکات هێرش بکەنە سەر وێستگەکە، هێزەکانی ڕووسیا ڕۆژی شەممە جارێکی دیکە هێرشییان کردەوە سەر دوایین سەربازانی ئۆکرانیا کە لە وێستگەی پۆڵای ئازۆڤستاڵی شارەکەدا خۆیان حەشارداوە.
سەرۆکی ئۆکرانیا ڤلۆدیمیر زێلێنسکی وتی سوپای وڵاتەکەی هێشتا ئامادە نیە بۆ هێرشکردنە سەر گەمارۆکەی سەر شارەکە، بەڵام کیێڤ مافی خۆیەتی ئەو هێرشە ئەنجام بدات.
هێرشەکەی سەر ماریوپۆڵ کە گەورەترین شەڕ بووە لە داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا، چەند هەفتەیەکی خایاندووە و ڕووسیا هەوڵ دەدات شارەکە بگرێت تاوەکو پردێکی وشکانی لەنێوان هەرێمی دۆنباسی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا و نیمچە دورگەی کرایمییەدا دروست بکات کە ڕووسیا لە ساڵی 2014 دا گرتییە خۆی.
ماوەی چەند ساڵێکە جیاخوازەکانی ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا کە لەلایەن ڕووسیاوە پشتیوانیان لێدەکرێت، بەشێکی هەرێمی دۆنباسییان لەژێر دەستدایە.
زێلێنسکی وتی بەهۆی هێرشە موشەکییەکانەوە بۆ سەر شاری ئۆدێسای سەر دەریای ڕەش لانی کەم هەشت کەس کوژراون. سوپای ئۆکرانیا وتی موشەکەکان دامەزراوەیەکی سەربازیی و دوو بینای نیشتەجێبوونیان لە شارەکەدا کردۆتە ئامانج.
وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا وتی " تاکە ئامانجی هێرشە موشەکییەکانی ڕووسیا لە ئۆدێسا تیرۆرە." ڕووسیا ڕەتی کردۆتەوە هاوڵاتیانی مەدەنی کردبێتە ئامانج.
وەزارەتی بەرگری ڕووسیا وتی موشەکەکانی کۆگایەکی لۆجیستیکییان لە ئۆدێسا لەناوبردووە کە بڕێکی زۆر لەو چەکانەی تێدا بووە کە ئەمەریکا و وڵاتانی ئەوروپا داوییانە بە ئۆکرانیا.
وتیشی ڕۆژی شەممە هێزەکانی ڕووسیا زیاتر لە 200 سەربازی ئۆکرانییان کوشتووە و زیاتر لە 30 ئوتومبێلی سەربازیشیان لەناوبردووە.
ڕۆژی هەینی جەنەڕاڵی ڕووسی ڕوستام مینێکایڤ وتی مۆسکۆ دەیەوێت سەرانسەری باشووری ئۆکرانیا کۆنتڕۆڵ بکات، ئۆکرانیاش وتی ئەم جۆرە لێدوانانە ئاماژەن لەسەر ئەوەی ڕووسیا ئامانجێکی گەورەتری هەیە لەوەی کە تەنها " لەناوبردنی نەتەوە پەرستەکان و توانا سەربازییەکانی ئۆکرانیا " بێت.
لە سەرەتای دەستپێکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا هێزەکانی ڕووسیا شاری ماریوپۆڵیان گەمارۆداوە و بۆردومانی دەکەن، بەهۆی ئەوەشەوە شارەکە خاپوور کراوە کە پێشتر زیاتر لە 400,000 کەسی تێدا ژیاوە. یاریدەدەرێکی سەرۆکی شارەوانی ماریوپۆڵ وتی ڕۆژی شەممە هەوڵێکی دیکە بۆ گواستنەوەی هاوڵاتیانی مەدەنی لە ماریوپۆڵ شکستی هێناوە.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز