Accessibility links

پەیامنێرانی بێسنوور: وێنەگرێکی دیاری ئۆکرانیا لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کوژراوە


وێنەگری ئۆکرانی، ماکس لێڤین
وێنەگری ئۆکرانی، ماکس لێڤین

لە لێکۆڵینەوەیەکی پەیامنێرانی بێسنووردا هاتووە دەڵێت وێنەگری دیاری ئۆکرانی و دروستکەری فیلمە بەڵگەنامەییەکان ماکس لێڤین و سەربازێکی ئۆکرانیا کە هاوەڵی کردووە بەمەبەستی پاراستنی، لە مانگی سێدا لەنزیک کیێڤ لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کوژراون، ئەوەش لەکاتێکدا بووە ماکس و سەربازەکە بەشوێن دڕۆنەکەیاندا گەڕاون کە لەو ناوچەیەدا لێیان ونبووە.

پەیامنێرانی بێسنوور ( ئاڕ ئێس ئێف ) لە ڕاپۆرتێکدا ئاماژەیان بەوەدا لێکۆڵینەوەکان لە 24 ی مانگی پێنجەوە بۆ 3 ی مانگی شەش ئەنجامدراون، ئەو زانیاریی و بەڵگانەی دەستیان کەوتووە ئاماژە بەوە دەدەن لێڤین و ئۆلێکسی چێرنیشۆڤی پاسەوانی لە 13 ی مانگی سێدا لە دارستانێکی دەوروبەری گوندی موشچون لەنزیک کیێڤ لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە کوژراون، " ئەگەری هەیە کوشتنەکەیان دوای لێپێچینەوە و تەنانەت ئەشکەنجەدانیش بووبێت."

لێکۆڵینەوەکان کە لەلایەن ئاڕنۆد فرۆگەری بەڕێوبەری لقی لێکۆڵینەوەکانی ئاڕ ئێس ئێف و پاتریک چۆڤێڵی فەڕەنسی کە وێنەگرێکی جەنگە ئەنجامدراون، چۆڤێڵ لە ئۆکرانیا لەگەڵ لێڤیندا کاریکردووە، ئاماژە بەوە دەدات لێڤین و چێرنیشۆڤ لەکاتێکدا هەوڵیانداوە ئەو دڕۆنە بدۆزنەوە کە لێڤین بۆ ڕووماڵکردنی داگیرکارییەکەی ڕووسیا بەکاریهێناوە، لەلایەن هێزەکانی ڕووسیاوە دەستگیرکراون.

ئاڕ ئێس ئێف دەڵێت دۆزینەوەی بەڵگەکانی وەکو فیشەک و ناسنامە و شتی دیکە لەگەڵ پشکنینەکانی دی ئێن ئەیدا ئاماژە بەوە دەدەن سەربازانی ڕووسیا لە شوێنەکەدا بوون، ئوتومبێلەکەی لێڤین و شتەکانی دیکەی بەڵگە بوون لەسەر ئەوەی لێڤین و پاسەوانەکەی کوژراون.

سکرتێری گشتی ئاڕ ئێس ئێف کریستۆف دیلاوەر وتی " شیکارییەکانی وێنەکانی شوێنی ڕوودانی تاوانەکە و ئەو تێبینیانەی کە لەو شوێنەدا وەرگیراون، هەروەها ئەو بەڵگانەشی کە دۆزراونەتەوە لە شوێنەکەدا، بە ئاشکرا ئاماژە بەوە دەکەن پێش کوشتنەکە ڕەنگە لێپێچینەوە یاخود تەنانەت ئەشکەنجەدانیش ئەنجام درابێت."

وتیشی " ماکس لێڤین و هاوڕێکەی بە ژیانی خۆیان باجی بڵاوکردنەوەی زانیاری ڕاستییان داوە. قەرزاری ئەوانین. دەجەنگین لە پێناو دۆزینەوە و ناسینەوەی ئەو کەسانەدا کە لێڤین و هاوڕێکەیان کوشتووە."

ماکس لێڤینی تەمەن 40 ساڵ یەکێکە لەو هەشت ڕۆژنامەنووسەی کە لە ماوەی ئەنجامدانی کارەکانیاندا لە جەنگەکەی ناو ئۆکرانیادا کوژراون. لە 2 ی مانگی چواردا تەرمەکەی لە دارستانێک دۆزرایەوە.

ماکس لێڤین باوکی چوار منداڵە و لەگەڵ زۆرێک لە دەزگا ڕاگەیاندنە نێودەوڵەتی و ئۆکرانییەکاندا کاریکردووە، لەوانەش ڕۆیتەرز و بی بی سی و ئەسۆشیەتد پرێس.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا

XS
SM
MD
LG