Accessibility links

کۆمەڵێک موشەک هێزەکانی ئەمەریکا لە فڕۆکەخانەی کابوڵ دەکەنە ئامانج


بەرپرسێکی ئەمەریکی وتی سیستمی دژە موشەکی ئەمەریکی بەرپەرچی پێنج موشەکی داوەتەوە کە بە ئاڕاستەی فڕۆکەخانەی کابوڵ هەڵدراون، لەکاتێکدا هێزەکانی ئەمەریکا پەلە دەکەن بۆ تەواوکردنی کشانەوەیان لە ئەفغانستان.

ڕاگەیاندنەکانی ئەفغانستان وتیان موشەکەکان لە پشتی ئوتومبێلێکەوە هەڵدراون. دەزگای هەواڵی پاجهۆک وتی کۆمەڵێك موشەک لە کۆمەڵێک شوێنی جیاوازی کابوڵیان داوە.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات بە ڕۆیتەرزی وت هیچ زیانێکی گیانی لەنێو هێزەکانی ئەمەریکادا نەبووە.

وتەبێژی کۆشکی سپی جێن ساکی لە بەیاننامەیەکدا وتی سەرۆک جۆو بایدن سەبارەت بە هێرشەکە پێی وتراوە و " جەختی لە فەرمانەکانی کردۆتەوە بۆ فەرماندەکانی سوپا تاوەکو هەوڵەکانیان دوو هێندە بکەن بۆ ئەوەی چی پێویست بێت بیکەن بۆ پاراستنی هێزەکانمان لەوێ." وتیشی پێی وتراوە ئەرکەکان لە فڕۆکەخانەی کابوڵ " بەردەوامن ".

ئەمەریکا کاردەکات بۆ کۆتایی هێنان بە گواستنەوەی هاوڵاتیان و هێزەکانی بەر لە ماوەی کۆتایی کە دەکاتە ڕۆژی سێشەممە، هەروەها لەنێوەندی خراپبوونی ڕەوشی ئاسایشی فڕۆکەخانەکە کە لە ڕۆژی یەکشەممەدا لە کردەوەیەکی خۆکوژیدا لانی کەم 169 هاوڵاتی مەدەنی ئەفغانی و 13 سەربازی ئەمەریکی کوژران.

لەلایەکی دیکەوە سەبارەت بە گواستنەوەی هاوڵاتیان لە فڕۆکەخانەی کابوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن وتی " ئەمە مەترسیدارترین ئەرکە لە مەترسیدارترین کاتدا، ئەم دوو ڕۆژەی کۆتایی."

بلینکن لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ سی ئێن ئێن وتی نزیکەی 300 ئەمەریکی هێشتا لە هەوڵی ئەوەدان لە ئەفغانستان بهێندرێنە دەرەوە.

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG