Accessibility links

تورکیا ڕاپۆرتی 'هیۆمەن ڕایتس واچ' سەبارەت بە پێشێلکردنی مافی کوردەکان لە سوریا ڕەتدەکاتەوە


turkey soldier
turkey soldier

تورکیا ڕاپۆرتی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ(Human Rights Watch) ڕەت دەکاتەوە لەسەر ئەوەی گوایە ئەنکەرە بەرپرسە لە هەندێک لە پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ و تاوانەکانی جەنگ دژی دانیشتوانی کورد لە باکووری سوریا.

ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ ڕۆژی پێنجشەممە ڕاپۆرتێکی 74 پەڕەیی بڵاوکردەوە کە تێیدا باس لەوە دەکات هێزەکانی تورکیا و ئەو گروپە چەکدارییانەی سوریا کە ئەنکەرە پشتیوانییان لێدەکات مافەکانی مرۆڤییان لەو ناوچانەی باکووری سوریادا پێشێل کردووە کە لە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیاندان.

بەرپرسێکی باڵای وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕۆژی هەینی ئەو تۆمەتانەی ڕەت کردەوە و جەختی لەوە کردەوە ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ کە بنکەکەی لە نیویۆرکە "ڕەنگدانەوەی ڕاستییەکانی سەر خاکەکە نیە " و هەروەها نیگەرانییە ئاسایشییەکانی تورکیای تێدا پشتگوێ خراوە.

بەرپرسەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات جەختیشی لەوە کردەوە کە تورکیا بە تەواوەتی " ڕێز لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان " دەگرێت.

لە ساڵی 2016 ەوە تورکیا سێ ئۆپەراسیۆنی گەورەی لە ناو سوریادا ئەنجام داوە، بە شێوەیەکی سەرەکی هێزە کوردییەکانی سوریای کردووەتە ئامانج، یەکینەکانی پاراستنی گەل یاخود یەپەگە. یەپەگە لەلایەن ئەمەریکاوە پشتیوانی لێدەکرێت و ڕۆڵێکی بەرچاوییان هەبووە لە شەڕی دژ بە داعشدا.

ڕاپۆرتەکەی ڕێکخراوی چاودێری مافەکانی مرۆڤ بە ناونیشانی " هەمووشتێک بە هێزی چەک: پێشێلکاری و دەرچوون بەبێ سزا لە باکووری سوریای داگیرکراودا لەلایەن تورکیاوە "، بەڵگەنامەی ڕفاندن و دەستگیرکردنی زۆرەملێ و دەستبەسەرکردنی نایاسایی و توندوتیژی سێکسی و ئەشکەنجەدانی تێدایە.

ڕێکخراوەکە وتیشی بۆی دەرکەوتووە کە سوپای تورکیا و دەزگا هەواڵگرییەکان دەستییان هەبووە لە پێشێلکردن و سوکایەتیکردن بە مافەکانی مرۆڤ لە دەرەوە.

بەرپرسەکەی تورکیا وتی ئێستا ئۆپۆزسیۆنی سوریا ئەو ناوچانە بەڕێوەدەبات کە پێشتر لەلایەن هێزەکانی تورکیاوە پاککراونەتەوە لە گروپە چەکدارییەکان.

وتیشی ئۆپۆزسیۆن " بەرەوپێشچوونی باشی " کردووە لە باشکردنی مافەکانی مرۆڤ لەو ناوچانەدا و لەگەڵ دەزگاکانی نەتەوە یەکگرتووەکاندا هەماهەنگی دەکات.

سەرچاوە/ AP

XS
SM
MD
LG