Accessibility links

دۆناڵد ترەمپ فەرمانڕەوای پـێشووی تەکساس بۆ پـۆستی وەزیری وزە دەسـتنیشان دەکات


سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا ڕایگەیاند ڕیک پـێری فەرمانڕەوای پـێشووی ویلایەتی تەکساسی بۆ پـۆستی وەزیری وزە دەسـتنیشانکردووە.

دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ چوارشەممە لە بەیانـنامەیەکدا نووسیویەتی " وەک فەرمانڕەوای تەکساس، ڕیک پـێری بارودۆخێـکی وەهای بۆ کارداری ڕەخساند کە بووە مایەی پەیداکردنی ملیۆنان هەلی کاری نوێ و هەرزانکردنی بەهای وزە لە ویلایەتەکەیدا، وە هەمان ڕێچکە دەگرێتەبەر بۆ تەواوی وڵاتەکەمان وەک وەزیری وزە."

ڕیک پـێری تەمەن 66 سـاڵ لای خۆیەوە لە بەیانـنامەیەکدا گوتی " دەزانم وزە چەندە گرنگە بۆ ئابوری و ئاسایشمان. چاوم لە ڕێـیە بۆ دەستکردن بە پەرەپێدان و بەڕێوەبردن و ڕێکخستنی سەرچاوەکانی وزەمان و پاراستنی دەزگا ناوکیـیەکانمان و بەهێزکردنی سیاسەتی وەزی ئەمەریکا کە ئەمەش دەبێتە مایەی پەیداکردنی کار و ئەمەریکاش دەخاتە پلەی یەکەم."

ئەگەربێت و ئەنجومەنی سینات ڕیک پـێری پەسەند بکات بۆ گرتنەدەستی ئەم پـۆستە، ئەوا شوێنی ئێرنست مونیز دەگرێتەوە، ئەوەی بەرنامە داڕێژەری ئەو ڕێکەوتنە ناوکیـیەیە کە لەگەڵ ئێراندا مۆرکراوە.

ڕیک پـێری لە دایکبووی ویلایەتی تەکساسە و ساڵی 1972 لە زانکۆی Texas A&M بڕوانامەی بەکالۆریۆسی بەدەستهێناوە‌ لە زانستی ئاژەڵ. پاشان بۆ ماوەی پـێنج ساڵ لە لەشکر خزمەتی کردووە. لە ساڵی 1984 هەڵبژێردرا وەک نوێنەرێـک لە ئەنجومەنی خۆجێی تەکساس. هەتا ساڵی 1989 دیموکرات بووە و پاشان بووەتە کۆماری. لە مانگی دوازدەی ساڵی 2000 وە هەتا مانگی یەکی ساڵی 2015 فەرمانڕەوای تەکساس بووە.

لە هەڵبژاردنە بەرایـیەکانی ئەمساڵی ئەمەریکا لە سەرەتا هەوڵی دا ببێتە کاندیدی کۆماریـیەکان بۆ سەرۆکایەتی، بەڵام زوو پاشگەزبووەوە و پشـتیوانی خۆی بۆ تێد کروز ڕاگەیاند کە ڕکابەری سەرەکی دۆناڵد ترەمپ بوو لە نێو کۆماریـیەکاندا.

XS
SM
MD
LG