Accessibility links

تیلەرسن ئەو هەواڵانە ڕەتدەکاتەوە کە دەڵێن بە نیازی دەست لەکارکێشانەوە بووە

  • VOA News

ڕێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەو هەواڵانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن ناکۆکی زۆری لەگەڵ سەرۆک ترامپ هەیە و لە مانگی حەوتدا بە نیازی دەست لەکارکێشانەوە بووە لە پـۆستەکەی.

تیلەرسن ئەمڕۆ چوارشەممە لە ڕاگەیاندنێکیدا لە وەزارەتەکەی گوتی" وابەستەیـیم بە سەرکەوتنی سەرۆک و وڵاتەکەمان بەهێزە وەکو ئەو ڕۆژەی پـێشنیارەکەیم قبوڵکرد بۆ خزمەتکردن وەکو وەزیری دەرەوە."

پاشان تیلەرسن ئەو هەواڵانەی کەناڵی NBC News ی ڕەتکردەوە کە تیایاندا هاتبوو لە چەند مانگی ڕابردوو مایک پـێنس جێگری سەرۆکی ئەمەریکاتیلەرسنی قایل کردبوو لە بڕیاری دەست لەکارکێشانەوە لە پـۆستەکەی پاشگەزببێتەوە. گوتی" جێگری سەرۆک هەرگیز ناچار نەبووە قایلم بکات لە وەزارەتی دەرەوە بمێنمەوە، چونکە هیچ کاتێـک بیرم لە جێهێشتنی پـۆستەکەم نەکردووە."

وەزیری دەرەوە لە بەشێکی ڕاگەیاندنەکەی ستایشی سەرۆک ترامپی کرد و گوتی سەرۆک کەسێکی زیرەکە و وڵاتەکەی خۆش دەوێت و ئەمەریکا و ئەمەریکایـیەکان لای ئەو پـێش هەموو شتێکی دیکەیە.

سەرۆک ترامپ لای خۆیەوە لەسەر تویتەرەکەی نووسی هەریەک لە تیلەرسن و مایک پـێنس ئەو هەواڵەیان بە درۆخستەوە، بۆیە دەبێت NBC News داوای لێبوردن لە ئەمەریکایـیەکان بکات.

هەروەها سارا ساندەرز گوتەبێژی کۆشکی سپی گوتی سەرۆک ترامپ بڕوایەکی تەواوی بە وەزیر تیلەرسن هەیە.

XS
SM
MD
LG