ڕۆژی هەینی جیم جۆردنی کۆماری دەنگی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکای بە دەستهێنا تاوەکو ببێتە کاندید بۆ سەرۆکایەتیکردنی ئەنجومەنەکە، بەڵام هێشتا پێویستی بە دەنگی زیاترە تاوەکو ئەو پۆستە وەربگرێت.
لە دەنگدانە یەک لە دوای یەکە داخراوەکانی کۆمارییەکاندا جۆردن دەنگی زۆرینەی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی بە دەستهێنا، بەڵام هێشتا 217 دەنگی دیکەی دەوێت تاوەکو ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا.
دوای دەنگدانەکان، کۆمارییەکان وتییان بۆ پشووی هەفتە دەچنەوە ماڵەوە، بەمەش دڵنیابوونەوە لەوەی ئەنجومەنەکە تاوەکو لانیکەم ڕۆژی دووشەممە بەبێ سەرۆک بمێنێتەوە.
ناکۆکی نێوان کۆمارییەکان کە زۆرینەن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا دوو هەفتەیە ئەنجومەنەکەی پەکخستووە، لە کاتێکدا کە یاسادانەران گەیشتنە ڕێگایەکی داخراو لەسەر دیاریکردنی کەسێک تاوەکو جێی کێڤن مککارتی سەرۆکی پێشووی ئەنجومەنەکە بگرێتەوە، مککارتی لەلایەن گروپێکی کەمی کۆمارییەکانەوە لە 3 ی مانگی 10 دا لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە دوورخرایەوە.
بەرپرسێکی کۆمارییەکان کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکات وتی لە دەنگدانی یەکەمدا جۆردن بەسەر ئۆستن سکاتدا سەرکەوتووە، کە یاسادانەرێکی ویلایەتی جۆرجیایە و لە ماوەی 12 ساڵی کارکردنیدا لە کۆنگرێس هەوڵیداوە خۆی دەرنەخات. دەنگدانەکە 124-81 دەنگ بووە لە بەرژەوەندی جۆردن.
یاسادانەران دەڵێن جۆردن لە دەنگدانی دووەمدا هەمان پشتگیری بە دەستنەهێناوە، بەڵام هەر سەرکەوتوو بووە، دەنگدانەکە 155-55 دەنگ بوو لە بەرژەوەندی جۆردن، ئەوەش مانای ئەوەیە هەر یاسادانەرێک لە کۆی چوار یاسادانەری کۆماریی لە ئەنجومەنەکەدا دژی جۆردن دەنگییان داوە. ئەوەش وایکرد ئەو دەنگە پێویستە بە دەست نەهێنێت کە پێویستییەتی تاوەکو ببێتە سەرۆکی ئەنجومەنەکە.
جێی ئاماژەیە لە ڕیزبەندی سەرۆکایەتی ئەمەریکادا، دوای سەرۆکی ئەمەریکا و جێگرەکەی، سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەران دێت.
کۆمارییەکان بە جیاوازییەکی زۆر کەم زۆرینەن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا، بە جۆرێک کۆمارییەکان 221 کورسییان هەیە و دیموکراتەکانیش 212 کورسی، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە ئەگەر دیموکراتەکان دژی جۆردن دەنگ بدەن ئەوا کۆمارییەکان تەنها دەتوانن چوار دەنگییان دژی جۆردن هەبێت. پێشبینیش دەکرێت دیموکراتەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا دژی جۆردن دەنگ بدەن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا جیم جۆردن وەک کاندید بۆ سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە دەستنیشان دەکەن
