ڕۆژی سێشەممە کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا جارێکی دیکە هەوڵی هەڵبژاردنی سەرۆکێک دەدەن بۆ ئەنجومەنە، کە ماوەی سێ هەفتەیە ئەنجومەنەکە بەبێ سەرۆک ماوەتەوە و بووەتە هۆی پەکخستنی ئەنجومەنەکە و کۆنگرێس نەیتوانیوە مامەڵە لەگەڵ داوا داراییە بەپەلەکان بکات بۆ ئیسڕائیل و ئۆکرانیا.
کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکادا زۆرینەن و بڕیارە بەیانی ڕۆژی سێشەممە جارێکی دیکە دابنیشنەوە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکێک لە نێو هەشت کاندیددا، پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا لە 3 ی مانگی 10 ەوە بەتاڵە.
تاوەکو ئێستا ڕوون نیە کە ئایا هیچ کامێکییان دەتوانن کۆمارییەکان یەکبخەنەوە، بەڵام دوای سێ هەفتە لە ناکۆکییەکانی نێوانییان، هەندێک لە کۆمارییەکان پێشبینی دەکەن دەکرێت بەپەلە سەرۆکێکی نوێ بۆ ئەنجومەنەکە هەڵبژێردرێت.
ئەندام لە ئەنجومەنی نوێنەران، دان بەیکن دەڵێت " خەڵکەکە زۆر نائومێد بووە بەوەی کە لەم سێ هەفتەیەی ڕابردوودا ڕوویداوە و دەیانەوێت پارتەکە یەکبگرن."
وتیشی ڕەنگە تاوەکو شەوی سێشەممە ئەنجومەنەکە سەرۆکێک هەڵبژێرێت، وتی " ئومێدم هەیە بەوە."
یەکێک لە کاندیدەکان لە تۆم ئیمەرە، کە وەکو ژمارە 3 ی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەران دەتوانێت سەرکردایەتی دەستنیشان بکات.
بەڵام کۆمارییەکانی ئەنجومەنەکە پێشتر دوو سەرکردەیان ڕەت کردووەتەوە کە هەمان توانای ئیمەرییان هەبووە، لەوانەش، کێڤن مککارثی کە لەلایەن گروپێکی کەمی کۆمارییەکانەوە لە 3 ی مانگی 10 دا لە پۆستی سەرۆکایەتی ئەنجومەنەکە دوورخرایەوە، ژمارە دووی کۆمارییەکان، ستیڤ سکالیسیش دوای ئەوەی کە نەیتوانی دەنگی تەواو بە دەستبهێنێت، دەستبەرداری هەوڵەکانی بوو بۆ بوون بە سەرۆکی ئەنجومەنەکە.
ئیمەر ڕووبەڕووی سێ ڕکابەری دیکەی بەرەی ڕاستی پارتەکەی بووەتەوە، لەوانەش: نوێنەر بایرۆن دانۆڵدز و کێڤن هێرن.
کۆمارییەکان پێشتریش دیارترین ئەندامی پارتەکەیان ڕەت کردەوە کە جیم جۆردن بوو، دوای ئەوەی هەفتەی ڕابردوو نەیتوانی دەنگی تەواوی کۆمارییەکان بە دەستبهێنێت.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز
کۆمارییەکانی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا جارێکی دیکە هەوڵی هەڵبژاردنی سەرۆکێک دەدەن
