کۆماریـیەکان شەوی دووشەممە و لە یەکەم شەوی کۆنگرەکەیاندا ڕەخنەی توندیان لە دیموکراتەکان گرت و پـشتیوانی تەواویان بۆ سەرۆک ترامپ و مایک پـێنسی جێگری دەربڕی تاوەکو بۆ چوار ساڵی دیکە لە سەرۆکایەتی وڵاتەکەدا بن.
سەرەتای کۆنگرەکە بە وتاری تمثی دۆلان، قەشەی کاثۆلیکە ڕۆمانەکانی نیویۆرک
دەستیپـێکرد. قەشە تمثی داوای لە ئەمەریکایـیەکان کرد لەم کاتەی دیموکراتەکان و کۆماریـیەکان کۆنگرەی خۆیان ئەنجام دەدەن، نوێژ و نزا بکەن و سوپاسی خودا بکەن لە بەرامبەر ئەوەی وڵاتێکیان هەیە ئازادی ئاینی تێدایە. گوتیشی دەبێت نوێژ و نزا بۆ ئەوانەش بکرێن کە دووچاری نەخۆشی کۆرۆنا بوون و ئەوانەشی لە هێڵی پـێشەوە گرنگیان پـێدەدەن. داواشیکرد لەو شارانەی کێشەیان تێدایە ژیانی خەڵک و هەروەها پـۆلیس پارێزراو بێت و ڕێزیان لێبگیرێت. داواشیکرد نوێژ و نزا بۆ هەردوو پارتەکە و کاندیدەکانیان بکرێت و هەڵبژاردنەکان بە سەرکەوتوویی بەڕێوەبچن.
پاشان چارلی کرک، دامەزرێنەری ڕێکخراوی Turning Point USA ، واتە خاڵی وەرچەرخانی ئەمەریکا، وتارێکی پـێشکەش کرد. گوتی ئەو گەنجێکی تەمەن 26 ساڵە و بەڕێوبەری گەورترین ڕێکخراوی خوێندکارانی پشتیوانکاری ئەمەریکایە لە وڵاتەکەدا. گوتیشی ئەمشەو هاتووە تاوەکو بە گەنجان بڵێت ئەم هەڵبژاردنە بڕیاردانە لەسەر ئەوەی پارێزگاری لە ئەمەریکا بکرێت یان هەرچیـیان بەدڵە نەمێنێت. گوتی بۆ دەیان ساڵە ڕێبەرانی دەسەڵاتداری هەردوو پارت ئایندەی ئەمەریکایان فرۆشتووە بە چین و کۆمپانیای نەناسراو و ئەو لۆبیـیانەی لە خزمەتی بەرژەوەندیـیەکانیاندان، بەڵام لەوەتای ساڵی 2015 وە کە دانۆڵد ترامپ هاتووەتە مەیدانەوە ئەوە گۆڕاوە. گوتی سەرۆک ترامپ پاسەوانی تایبەتی شارستانێتی ڕۆژئاوایە و هەڵبژێردراوە بۆ پاراستنی خێزانەکانمان لەو ئاژاوەگێڕانەی دەیانەوێت شێوازی ژیان و خوێندنگە و کڵێسای و بەهای ئەمەریکایـیەکان لەناوببەن.
چارلی کرک هەروەها گوتی ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لە باش هەڵبژاردنەکەی ساڵی 1860 کە لینکن هەڵبژێردرا بۆ پاراستنی ئەمەریکا لە هەڵوەشاندنەوە. گوتیشی بۆیە ئەگەر سەرۆک ترامپ هەڵبژێردرێتەوە ئەوا ئەمەریکا لە بەردەم باشترین سەد ساڵیدا دەبێت و ئەمەریکا ئایندەیەکی دەبێت کە بە مەزنترین وڵاتی جیهان بمێنێتەوە.
مات گەیتز، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران کە بە لایەنگرێکی زۆر توندی سەرۆک ترامپ ناسراوە، ئەویش وتارێکی پـێشکەش کرد. سەرەتای وتارەکەی بە ڕەخنەگرتن لە جۆو بایدن کاندیدی دیموکراتەکان بۆ پـۆستی سەرۆکایەتی دەستیپـێکرد، گوتی سۆشیالستەکان پشتیوانی دەکەن و ئەگەر بە سەرۆک هەڵبژێردرێت ئەوا چەکەکانتان لێ دەسێنێت و زیندانەکان چۆڵ دەکات و ڕێگە دەدات MS13لە پاڵتاندا بژین. MS13 باندێکی نهێنی تاوانکاریـیە و ئەندامەکانی لە ئەمەریکا و مەکسیک و کەنەدا بوونیان هەیە.
مات گەیتز گوتیشی بۆیە دەبێت لەم هەڵبژاردنە سەرۆک ترامپ و کۆماریـیەکان سەرکەوتن بەدەستبهێنن.
کیم کلاسیک، کاندیدی کۆماریـیەکان لە ناوچەی حەوتی ویلایەتی مێریلاند بۆ ئەندامێتی کۆنگرێس، ئەویش هێرشی کردە سەر دیموکراتەکان و گوتی ناوچەکەی بۆ زیاتر لە 50 ساڵە لە ژێر کۆنترۆڵی دیموکراتەکاندایە، بۆیە لە دۆخێکی خراپدایە و لە هەموو کوچەیەکی مەیخانەیەک هەیە و ماددە هۆشبەرەکانی تێدا بڵاوە. گوتیشی دیموکراتەکان چاوەڕوانن خەڵکی ڕەشپـێستی ناوچەکە دەنگیان پـێبدەن، بەڵام ئەو ڕۆژانە لە کۆتایـیاکانی نزیکبوونەتەوە کە کوێرانە لە بەڵتیمۆری مێریلاند پـشتیوانی لە دیموکراتەکان بکرێت.
کیم کلاسیک ڕخنەیەکی دیکەی لە دیموکراتەکان گرت و گوتی دەیانەوێت باج زیادبکەن، بەڵام سەرۆک ترامپ بەڵێنی داوە داخوازیـیەکانیان بهێنێتە دی، بۆیە داوای لە خەڵکی ناوچەکەی کرد دەنگ بە سەرۆک ترامپ بدەن، دەڵێت هەتا کارەکانی تەواوبکات بۆ گەڕانەوەی مەزنی بۆ ئەمەریکا. هەروەها داوایکرد دەنگی پـێبدرێت تاوەکو ناوچەی بەڵتیمۆر ئاوەدانبکاتەوە.
پاشان ڕۆنا مکدانیاڵ، سەرۆکی کۆمیتەی نیشتمانی کۆماریـیەکان، بە ناوی پارتەکەی و سەرۆک ترامپ سوپاسی ئەو ئەمەریکایـیانەی کرد کە سەیری کۆنگرەکە دەکەن.
ڕۆنا مکدانیاڵ لە وتارەکەی ڕەخنەی لە کۆنگرەی دیموکراتەکان گرت کە هەفتەی ڕابردوو بەڕێوەچوو. گوتی "ئەگەر سەیری کۆنگرەی دیموکراتەکانتان کردبێت لەوانەیە ئەوەتان بەدیکردبێت زۆربەی کاتەکەیان بۆ سووکایەتیکردن بە سەرۆکەکەمان تەرخان کردبوو، بەڵام زۆر کەمیان لە بارەی سیاسەتەکانیانەوە باسکرد وە ئەو سیاسەتانەشی باسیان کرد پـێش دە ساڵ لەمەوبەر بە هزردا نەدەهاتن، وەکو قەدەغەکردنی دەرهێنانی نەوت و گاز و خەڵوزی بەردین، هەڵوەشاندنەوەی بیمەی تەندروستی تایبەت، دابینکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی بۆ ئەوانەی بە نایاسایی دێنە وڵاتەکەوە، ڕاگرتنی پـێدانی پارە بە پـۆلیس. گوتیشی دیموکراتەکان دەیانەوێت باج لەسەر 82% ی ئەمەریکایـیەکان زیادبکەن و کاری 10 ملیۆن کەس نەهێڵن کە لە کەرتی نەوت و گاز کاردەکەن، دیموکراتەکان دەیانەوێت سیاسەتێک پەیڕەو بکەن کە دەبێتە مایەی ڕاکردنی کارداریـیەکان بۆ دەرەوەی وڵاتەکە، دەیانەوێت تەنانەت لە دوا ساتیش ڕێگەبدرێت منداڵ لەبارببرێت.
ڕۆنا مکدانیاڵ گوتیشی بە درێژایی چوار ساڵی ڕابردوو سەرۆک ترامپ لە پـێناو ئەمەریکایـیەکان کاری کردووە و ڕووبەڕووی چین بووەتەوە و چاکسازی لە سەودا بازرگانیـیەکانی ئەمەریکا لەگەڵ وڵاتاندا کردووە و کاری بۆ پاراستنی سنوورەکان کردووە. گوتیشی جۆو بایدن زیاتر گرنگی بە وڵاتانی وەکو چین و ئێران دەدات وەک لەوەی گرنگی بە ئەمەریکا بدات. پاشان جەختی کردەوە ئەم هەڵبژاردنە گرنگترین هەڵبژاردنە لە ژیانی ئەمەریکایـیەکاندا، بۆیە دەنگدان تیایدا زۆر گرنگە.
لە کۆنگرەکەی شەوی ڕابردوو، سەرۆک ترامپ میوانداری 6 کەسی کرد کە وەک بارمتە لە چەند وڵاتێکدا دەستگیرکرابوون. سەرۆک ترامپ گوتی بە خۆشحاڵیـیەوە پـێتان دەڵێین زیاتر لە 50 بارمتەمان گەڕاندەوە بۆ وڵات کە لە 22 وڵاتی جیاوازدابوون. پاشان سەرۆک ترامپ داوای لە هەریەکەیان کرد باسی خۆیان بکەن کە چۆن ئازادکران. ئەوانیش لای خۆیانەوە بەسەرهاتی خۆیان گێڕایەوە و سوپاسی سەرۆک ترامپیان کرد.
نیکی هەیلی، نوێنەری پـێشووی ئەمەریکا لە نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەویش وتاری هەبوو و تیایدا گوتی نەتەوە یەکگرتووەکان شوێنی کەسانی دڵ ناسک نیـیە، بەڵکو ئەو شوێنەیە کە تیایدا دیکتاتۆر و دزەکان لە دژی ئەمەریکا دەوەستنەوە و پاشان دێن دەست بەرزدەکەنەوە داوای پارەی لێدەکەن. ڕەخنەی لە براک ئۆباما و جۆو بایدن گرت و گوتی ڕێگەیان دابوو کۆریای باکور هەڕەشە لە ئەمەریکا بکات، بەڵام سەرۆک ترامپ ئەو لاوازیـیەی ڕەتکردەوە و قورسترین سزای بەسەر کۆریای باکوردا سەپاند.
گوتیشی ئۆباما و بایدن ڕێگەیان دا ئێران لە سزاکان ڕزگاری بێت و فڕۆکەیەکی پـڕ پارەیان بۆ ڕەوانەکردن، بەڵام سەرۆک ترامپ کارە ڕاستەکەی کرد و ڕێکەوتنە ناوکیـیەکەی هەڵوەشاندەوە. هەروەها گوتی ئۆباما و بایدن ڕێگەیان دا لە نەتەوە یەکگرتووەکان ئیسرائیلی دۆست و هاوپەیمانمان سەرزەنشت بکرێت، بەڵام سەرۆک ترامپ باڵیۆزخانەی ئەمەریکای گواستەوە بۆ ئۆرشەلیم وە کاتێکیش لە نەتەوە یەکگرتووەکان هەوڵ درا سەرزەنشتی ئەمەریکا بکرێت لەسەر ئەم هەنگاوەی، بە شانازیـیەوە من ڤیتۆم کرد.
هەروەها گوتی جۆو بایدن بۆ ئێران و داعش و چینی کۆمۆنیست باشە و دیاریـیەکە لە ئاسمانەوە بۆ ئەوانەی دەیانەوێت ئەمەریکا دەنگی نەبێت و دەستبەرداری بەهاکانی بێت.
نیکی هەیلی، وەک فەرمانڕەوای پـێشووی ویلایەتی ساوث کارۆلاینا، باسی لە گرنگی سەرۆک ترامپ کرد بۆ مەسەلە ناوخۆیـیەکانی ئەمەریکا، لەوانە زیادکردنی هەلی کار و باشترکردنی ئابوری و کەمکردنەوەی باج.
گوتیشی ئەگەر جۆو بایدن و کامڵا هێرس هەڵبژاردنەکان ببنەوە ئەوا بەڕێوەبەرایەتیـیەکەیان دەبێت زۆر خراپتر لە بەڕێوەبەرایەتیەکەی ئۆباما و بایدن.
داواشی لە ئەمەریکایـیەکان کرد دەنگ بە دانۆڵد ترامپ و مایک پـێنس بدەن تاوەکو ئەمەریکا ڕوو لە ئایندەیەکی گەشتر بکات.
دانۆڵد ترامپی کوڕە گەورەکەی سەرۆک ترامپ، وتارێکی پـێشکەش کرد، گوتی چەند مانگێک لەمەوبەر ئابوری ئەمەریکا لە هەموو کاتێک زیاتر گەشەی کرد و ڕێژەی بێکاری بۆ نزمترین ئاستی گەیشت لە ماوەی نزیکەی 50 ساڵدا، بە تایبەتی لە نێو خەڵکی ڕەشپـێست و ئیسپانی زمان و ژنان و هەموو پـێکهاتەکانی دیکە. گوتیشی کە پەتای کۆرۆنا بڵاوبوویەوە سەرۆک ترامپ دەستبەجێ ڕێوشوێنی پـێویستی گرتەبەر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی پەتاکە.
گوتیشی "دیموکراتەکان دەڵێن لە پـێناو کرێکاراندا کاردەکەن... بەڵام کاتێک باوکم وەرگرتنی باجی لە کرێکاران ڕاگرت هێرشیان کردە سەر."
هەروەها گوتی جۆو بایدن دەیەوێت کۆچبەری نایاسایی زیاتر بهێنێتە ناو وڵاتەکەوە هەتا کاری ئەمەریکایـیەکان بەرن.
لە کۆتایی وتارەکەی گوتی بە هەڵبژاردنەوەی سەرۆک ترامپ ئایندەیەکی پـرشنگدار بۆ ئەمەریکایـیەکان دێتە دێ.
لەلایەکی دیکەوە دیموکراتەکان بەردەوامن لە ڕەخنەگرتن لە سەرۆک ترامپ.
سیناتۆر بێرنی ساندەرز لەسەر تویتەرەکەی ئەمڕۆ سێشەممە نووسی ترامپ گوتی لە پاڵ چینی کرێکار دەبێت و خزمەتگوازری تەندروستی بۆ هەموو کەسێک دابیندەکات... ئێستا دەتوانن ببینن کەسێکی ساختەکارە و درۆی لەگەڵ هەمووماندا کرد.