لە کاتێکدا کە ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوە دەکات لە ئیسڕائیل لەسەر کوژرانی سەرکردەیەکی حەماس لە تاران، گومان دەکرێت لەسەر وردبینی موشەکە باڵیستیکییەکانی ئێران.
لە ڕاپۆرتێکی نوێی شارەزایاندا کە لەگەڵ دەزگای هەواڵی ئەسۆشیەتد پرێسدا هاوبەش کراوە، ئاماژە بەوە دەدات کە یەکێک لە موشەکە پێشکەوتووەکانی تاران کە لە هەر هێرشێکی داهاتوویدا دژی ئیسڕائیل بەکاریدەهێنێت زۆر کەمتر وردبینە وەک لەوەی کە پێشتر بیری لێکرابووەوە.
ئەمە دوای ئەوە دێت کە هاوپەیمانێتی بە ڕابەرایەتی ئەمەریکا لە مانگی چواردا ژمارەیەکی زۆر لە موشەک و فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خستە خوارەوە کە ئێران بە ئاڕاستەی ئیسڕائیل هەڵیدان. هەندێکی دیکە لە موشەکەکان شکستییان هێنا یاخود لە کاتی گەشتەکانییاندا کەوتنە خوارەوە.
موشەکەکەکانی ئێران وردبینییەکەیان لاوازە
شڕۆڤەکاران لە ناوەندی جەیمس مارتن بۆ توێژینەوە قازانج نەویستەکان شیکارییان کردووە بۆ هێرشە ئاسمانییەکەی ئێران بۆ سەر بنکەی ئاسمانی نیڤاتیمی ئیسڕائیل کە دەکەوێتە باشووری ئۆرشەلیمەوە لە بیابانی نەگیڤ. باوەڕییان وایە ئێران لەو هێرشەدا موشەکی عیمادی بەکارهێناوە، کە جۆرێکە لە موشەکی شەهاب – 3 و بە دیزاینێکی کۆریای باکوورییانە دروست کراوە.
شڕۆڤەکارانی جەیمس مارتن وایان داناوە کە ئێران لەو هێرشەدا هانگەرەکانی فڕۆکە شەڕکەرە F-35I یان کردووەتە ئامانج. شرۆڤەکاران هاتوون مەودای نێوان هانگەرەکان و ئەو شوێنەیان پێواوە کە موشەکەکە لێی کەوتووەتە خوارەوە. نزیکەی 1.2 کم لە هانگەرەکانەوە دوور بووە. ئەوەش زۆر خراپترە لە هەڵەی 500 مەتری کە سەرەتا بۆ موشەکی عیماد داندرابوو. ئێران بە جیا ڕیکلامی بۆ عیماد دەکرد بۆ کڕیارە نێودەوڵەتییەکان و دەیوت هەڵەی وردییەکەی تەنها 50 مەترە.
زۆرێک لە موشەکەکان لە هێرشەکەدا خرانە خوارەوە
ئەمەریکا و بەڕیتانیا و فەڕەنسا و ئوردن موشەک و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانییان خستە خوارەوە، ئەمەریکاییەکان بانگەشەی ئەوەیان کرد کە 80 فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی بۆمب هەڵگر و لانیکەم شەش موشەکی باڵیستیکییان خستووەتە خوارەوە. بەرگرییەکانی ئاسمانی ئیسڕائیلیش چالاک کرابوون.
بەرپرسانی ئەمەریکایی کە نەیانویستووە ناوییان ئاشکرا بکرێت بە ئەسۆشیەتد پرێسییان تووە کە لە سەدا 50 ی موشەکەکانی ئێران شکستییان هێناوە لە هەستانییان یاخود پێش ئەوەی بگەنە ئامانجەکانییان کەوتوونەتە خوارەوە. ئەوەش گومانی زیاتر دروست دەکات لەسەر تواناکانی جبەخانە موشەکییەکەی ئێران.
گومانەکان سەبارەت بە هەر هێرشێکی ئاسمانی داهاتووی ئێران
ئێران هیچ سنوورێکی لەگەڵ ئیسڕائیلدا نیە و دوو وڵاتەکە نزیکەی 1000 کم لە یەکترەوە دوورن لە کەمترین دووری نێوانییاندا. ئەوەش وادەکات بەرنامە موشەکییەکەی ئێران زۆر گرنگ بێت بۆ هەر هێرشێکی سەربازیی ڕاستەوخۆ. دوورییەکە هەتاوەکو درێژتر بێت هەڵەکردن لە سیستمی ئاڕاستەکردنی موشەکەکان زیاتر دەبێت، هەروەها کاریگەریی هەوا و کەش و هەواش کاریگەرییەکەیان زیاتر دەبێت.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا