وتەبێژێکی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی بە ڕۆیتەرزی وت تیمێکی ڕێکخراوەکە لەنزیک شاری ماریوپۆڵی ئۆکرانیا وەستێندراون، ئەوەش لەکاتێکدا بووە تیمەکە هەوڵیانداوە بچنە ماریوپۆڵەوە تاوەکو هاوڵاتیانی مەدەنی لە شارە گەمارۆدراوەکە بگوازنەوە.
وتەبێژی ڕێکخراوی خاچی سووری نێودەوڵەتی جەیسن سترازیوسۆ بە ڕۆیتەرزی وت تیمەکە " لە شارۆچکەی مانهوش گیراون کە دەکەوێتە 20 کم لە ڕۆژئاوای ماریوپۆڵەوە."
جێگری سەرۆک وەزیری ئۆکرانیا ئایرینا ڤێرێشچوک وتی تیمەکەی خاچی سوور " لەلایەن بەرپرسانی داگیرکەرانەوە " گیراون.
سترازیوسۆ ڕەتی کردەوە وردەکاری بدات لەسەر ئەوەی چی لایەنێک تیمەکەی گرتووە، تەنها وتی لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەرکراون. وتی " ئەمە حاڵەتێکی بە دیل گرتن نیە." وتیشی خاچی سووری نێودەوڵەتی لەگەڵ سەرجەم لایەنەکاندا قسە دەکات تاوەکو بارودۆخەکە ڕوون بکاتەوە و هەوڵی ئازادکردنیان دەدات.
تیمەکەی خاچی سوور ئامانجیان ئەوە بووە بگەنە شاری ماریوپۆڵی گەماردۆراو و هەندێک لە هاوڵاتیانی مەدەنی شارەکە بگوازنەوە کە تەنانەت پێداویستییە سەرەکییەکانیشیان دەست ناکەوێت. ئەمەش لە ڕۆژی هەینییەوە چوارەمین هەوڵیان بوو بۆ گەیشتن بە شارەکە.
لە ناوەڕاستی مانگی سێدا دوای ئەوەی چیتر یارمەتییەکانیان نەما، ڕێکخراوی خاچی سوور تیمەکەی لە ماریوپۆڵ کشاندەوە کە پێکهاتبوون لە کارمەندان و خێزان و منداڵەکانیان.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز