Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر ڕێکەوتنەکەی ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا


سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش
سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش

ڕۆژی هەینی ڕووسیا و ئۆکرانیا ڕێکەوتن لەسەر دووبارە کردنەوەی بەندەرەکانی ئۆکرانیا لە دەریای ڕەش و هەناردەکردنی گەنمی ئۆکرانیا بۆ بازاڕەکانی جیهان، ئەمەش هیوایەکی بەخشی بۆ کەمبوونەوەی قورساییەکانی قەیرانی خۆراک کە بەهۆی جەنگەکەی ڕووسیاوە لە ئۆکرانیا دروست بووە.

بەرپرسی کاروباری سیاسەتی دەرەوەی یەکێتی ئەوروپا جۆزێپ بۆڕێڵ گوتی " داگیرکارییە نایاساییەکەی ڕووسیا لە ئۆکرانیا ملیۆنان کەسی خستۆتە مەترسی برسێتییەوە. ڕێکەوتنەکەی ئەمڕۆی ئیستەنبوڵ هەنگاوێکە بە ئاڕاستە ڕاستەکەدا. داوا دەکەین بەخێرایی جێبەجێ بکرێت."

سکرتێری گشتی ڕێکخراوی نێودەوڵەتی دەریایی کە سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکانە، کیتاک لیم، گوتی " من زۆر خۆشحاڵم بەوەی هەمووان گەیشتن بە ڕێکەوتنێک بۆ ئەوەی کەشتییەکان بە پارێزراوی گەنمی پێویست و شتومەکەکانی دیکە بە دەریای ڕەشدا بگوازنەوە."

وەزیری بەرگری ڕووسیا سێرگێی شویگۆ گوتی " ڕووسیا پابەندی ئەوە دەبێت کە لەم نوسراوەدا بە ئاشکرا ئاماژەی پێدراوە. ئێمە سوود لەو ڕاستییە وەرناگرین کە بەندەرەکان ڕێگەیان پێدەدرێت و دەکرێنەوە. ئێمە پابەندین دەبین."

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش گوتی " ئەمڕۆ، چرایەک هەیە لە دەریای ڕەشدا، چرایەکی هیوا، ئەگەرێک و پشوودانێک لە جیهانێکدا کە زیاد لە هەموو کات پێویستی پێیەتی."

سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ گوتی " وڵاتانی کۆمەڵەی حەوت لەنزیکەوە لەگەڵ هاوبەشەکانی وەکو تورکیا و ئەوانی دیکەدا کاردەکەن تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی گەنمەکە لە ئۆکرانیاوە دەگوازینەوە بۆ سەرانسەری جیهان و ئەو شوێنانەی کە پێویستیان پێیەتی، بەبێ ئەوەی سەروەری خاک و پاراستنی ئۆکرانیا بخەینە مەترسییەوە."

وەزیری دەرەوەی ئۆکرانیا دمیترۆ کوڵێبا پێشوازی لە ڕێکەوتنەکە کرد و گوتی " پشت بە نەتەوە یەکگرتووەکان دەبەستێت بۆ جێبەجێبوونی تەواوی ڕێکەوتنەکە."

وەزیری دەرەوەی بەڕیتانیا لیز تڕەس بە هەمان شێوە پێشوازی لە ڕێکەوتنەکە کرد و داوای لە کرێملن کرد جێبەجێی بکات.

تڕەس گوتی " بەڕیتانیا و هاوپەیمانەکانمان زۆرمان فشار کرد تاوەکو بگەین بەم خاڵە. ئێستا دەبێت ئەم ڕێکەوتنە جێبەجێ بکرێت، هەروەها چاودێری دەکەین تاوەکو دڵنیا ببینەوە لەوەی کارەکانی ڕووسیا هاوشێوەی قسەکانی بێت. ئەوەش بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری و ئابووری جیهان بگەڕێنینەوە. پوتن دەبێت کۆتایی بەم جەنگە بهێنێت و لە ئۆکرانیا بکشێتەوە."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG