Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمەریکا


ڕۆژی هەینی دادگای باڵای ئەمەریکا بڕیاری مێژوویی Roe Vs Wade ی ساڵی 1973 ی هەڵوەشاندەوە کە مافێکی دەستووری دابوو بە ئافرەتان بۆ لەباربردنی منداڵان و لە سەرانسەری وڵاتەکەشدا کرابووە یاسا.

بڕیارەکە لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمەریکاشدا کاردانەوەی لێکەوتەوە، سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن لەسەر بڕیارەکە وتی " ئەمڕۆ دادگای باڵای ئەمەریکا بە ئاشکرا مافێکی دەستووری لە گەلی ئەمەریکا سەندەوە کە پێشتر خۆی پەسەندی کردبوو."

سەرۆک بایدن وتی " بە بۆچوونی من ئەمڕۆ ڕۆژێکی خەمناکە بۆ وڵاتەکە. بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە شەڕەکە تەواو بووە. بەڕوون و ئاشکرا پێتان دەڵێم تەنها ڕێگە بۆ ئەوەی بتوانین مافی ئافرەتان بۆ هەڵبژاردن بپارێزین بۆ کۆنگرێسە کە بڕیاری Roe Vs Wade وەکو یاسایەکی فیدڕاڵی بناسێنێتەوە."

وتیشی " دەنگدەران دەتوانن دەنگەکانیان ببیسترێت. ئەم پایزە دەبێت سیناتۆر و نوێنەری زیاتر هەڵبژێرن کە بتوانن مافی ئافرەتان بۆ هەڵبژاردن دووبارە بکەنەوە بە یاسایەکی فیدڕاڵی."

لەلایەکی دیکەوە وتەبێژی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ستێفان دوجاریک وتی " ماف و تەندروستی سێکسی و زاوزێ بنچینەی ژیانێکن بە هەڵبژاردنەوە، بەهێزکردن و یەکسانین بۆ ئافرەتان و کچانی جیهان. قەدەغەکردنی لەباربردن ڕێگە لە خەڵکەکە ناگرێت لە هەوڵداندا بۆ لەباربردن، تەنها کوشندەتری دەکات."

سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانی ئەمەریکا نانسی پیڵۆسی دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا وتی " ئەم فەرمانە ستەمکارییە خراپکارییەکی گەورە و دڵتەزێنە، بەڵام دڵنیابن لەوەی لەم مانگی یانزەیەدا مافەکانی ئافرەتان و سەرجەم ئەمەریکییەکان لەسەر سندوقەکانی دەنگدان دەبن."

سەرۆکی کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا میچ مککۆنێڵ وتی " ئەمە سەرکەوتنێکی مێژووییە بۆ دەستوور و لاوازترینەکان لە کۆمەڵگەکەماندا."

وتیشی " بڕیارەکە ڕاست و ئازایانەیە."

سکرتێری گشتی ڕێکخراوی تەندروستی جیهان تێدرۆس ئادهانۆم گیبریسیوس بە ڕۆیتەرزی وت " من زۆر نائومێد بووم، چونکە دەبێت مافی ئافرەتان بپارێزرێت، پێشبینی ئەوەشم کردووە ئەمەریکا ئەو جۆرە مافانە بپارێزێت."

سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا دانۆڵد ترامپ دەڵێت " ئەمە گەڕاندنەوەی مافەکانە بۆ ئەو شوێنەی کە زۆر دەمێکە دەبوایە بگەڕێندرایەتەوە بۆی. ئەمە هەمووشتەکان دەداتەوە دەستی ویلایەتەکان کە هەمیشە خۆیان خاوەنی بوون."

جێگری پێشووی سەرۆکی ئەمەریکا مایک پێنس وتی " ئەمڕۆ ژیان بردییەوە، بە هەڵوەشاندنەوەی Roe Vs Wade ، دادگای باڵای ئەمەریکا دەستپێکێکی نوێی بە ئەمەریکییەکاندا بۆ ژیان."

سەرۆکی پێشووتری ئەمەریکا باراک ئۆباما دەڵێت " ئەمڕۆ دادگای باڵا نەک تەنها پێشینەی 50 ساڵی پێچەوانە کردەوە، بەڵکو بڕیارێکی زۆر تایبەتی تاکێکی تێکەڵ بە ئارەزووی سیاسییەکان و بیروباوەڕەکان کرد، هێرشی کردەسەر ئازادی ملیۆنان ئەمەریکی."

وەزیری پێشووتری دەرەوەی ئەمەریکا هیلاری کلینتن دەڵێت " زۆربەی ئەمەریکییەکان باوەڕییان وایە بڕیاری منداڵبوون یەکێکە لە پیرۆزترین بڕیارەکان، ئەو جۆرە بڕیارانەش دەبێت تەنها لەنێوان نەخۆش و پزیشکەکانیاندا بمێننەوە. بۆچوونەکەی ئەمڕۆی دادگای باڵا وەکو هەنگاوێک بۆ دواوە دەمێنێتەوە لە مافەکانی ئافرەتان و مافەکانی مرۆڤدا."

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر لە هەژماری تایبەتی خۆی نوسیویەتی " لەباربردن مافێکی بنچینەییە بۆ سەرجەم ئافرەتان. دەبێت بیپارێزین. دەمەوێت هاوسۆزی خۆم بۆ سەرجەم ئەو ئافرەتانە دەرببڕم کە ئازادییەکانیان ئەمڕۆ لەلایەن دادگای باڵای ئەمەریکاوە سازشی لەسەر کرا."

سەرۆک وەزیری کەنەدا جەستن ترودۆ دەڵێت " ئەو هەواڵانەی لە ئەمەریکاوە دێن ترسناکن. هاوسۆزی خۆم بۆ ملیۆنان ئافرەتی ئەمەریکی دەردەبڕم کە بڕیارە ئێستا مافی یاسایی خۆیان بۆ لەباربردن لەدەست بدەن. هیچ حکومەتێک هیچ سیاسییەک هیچ کەسێک نابێت بە ئافرەتێک بڵێت چی بکات و چی نەکات لە جەستەی خۆی."

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسنیش وتی " پێم وایە ئەمە هەنگاوێکی گەورەیە بۆ دواوە، هەمیشە باوەڕم بە مافی ئافرەتان بووە بۆ هەڵبژاردن و دەستم بەو بۆچوونەوە گرتووە، لەبەرئەوەشە بەڕیتانیا ئەو یاسایانەی هەیە کە هەیەتی."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG