Accessibility links

کاردانەوەکان لەسەر گیان لەدەستدانی میخایل گۆرباچۆڤی دوایین سەرۆکی یەکێتی سۆڤییەت


میخایل گۆرباچۆڤ کە بەبێ خوێنڕشتن کۆتایی بە جەنگی سارد هێنا بەڵام شکستی هێنا لە ڕێگەگرتن لە ڕووخانی یەکێتی سۆڤییەت، ڕۆژی سێشەممە لە تەمەنی 91 ساڵیدا کۆچی دوایی کرد.

ئەمانەی خوارەوە کاردانەوەی ڕابەرانی وڵاتانی جیهانن سەبارەت بە گیان لەدەستدانی گۆرباچۆڤ:

وتەبێژی کرێملن دمیتری پێسکۆڤ بە دەزگای هەواڵی ئینتەرفاکسی ڕووسیای وت وتی سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن " پرسە و سەرەخۆشی خۆی ئاڕاستەی خێزان و هاوڕێکانی گۆرباچۆڤ کردووە."

سەرۆکی ئەمەریکا جۆو بایدن گوتی میخایل گۆرباچۆڤ پیاوێکی خاوەن دیدێکی سەرنجڕاکێش بوو، وەکو ڕابەری یەکێتی سۆڤییەت، لەگەڵ سەرۆک ڕیگندا کاری دەکرد بۆ کەمکردنەوەی چەکە ئەتۆمییەکانی دوو وڵاتەکەمان، دوای چەند دەیەیەک لە سەرکوتکارییەکی دڕندانەی سیاسیی، پێشوازی لە چاکسازییە دیموکرسییەکان کرد. ئەنجامەکەشی جیهانێکی پارێزراوتر و ئازادییەکی زیاتر بوو بۆ ملیۆنان خەڵک."

سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش گوتی گۆرباچۆڤ " کەسێکی تایبەتی دەوڵەتمەدار بوو کە ئاڕاستەی مێژووی گۆڕی. لە هەموو کەس کاری زیاتری کرد بۆ خستنەوەی ئاشتی و کۆتایی هێنان بە جەنگی سارد."

گوتیشی " جیهان ڕابەرێکی باڵای جیهانیی لەدەستدا، پابەندی فرەلایەنە بوو و ماندوونەناسانە کاری بۆ ئاشتی دەکرد."

ڕاوێژکاری پێشووی ئەڵمانیا ئانگێلا مێرکڵ گوتی " میخایل گۆرباچۆڤ مێژووی جیهانی نووسی. نموونەی ئەوە بوو چۆن تەنها یەک دەوڵەتمەدار دەتوانێت جیهان بۆ باشتر بگۆڕێت."

گوتی " هێشتا دەتوانم هەست بەو ترسە بکەم کە هەستم پێدەکرد، وەکو زۆرێک لە کۆماری دیموکراتی ئەڵمانیا لە ساڵی 1989 دا، بیرمان لەوە دەکردەوە ئایا تانکەکان دووبارە دێنەوە.... بەڵام تانکەکان نەهاتنەوە، فیشەکیش نەتەقێندرا."

گوتیشی " جیهان ڕابەرێکی تایبەتی لەدەستدا. هیوادارم یادی دەستکەوتە مێژووییەکانی ببنە هۆی وەستانێکی بچووک، بەتایبەتی لەم هەفتە و مانگە ناخۆشانەی جەنگەکەی ڕووسیادا دژی ئۆکرانیا."

ڕاوێژکاری ئەڵمانیا ئۆلاف شۆڵز گوتی " دووبارە داڕشتنەوە لەبیر ناکەین کە بووە هۆی ئەوەی ڕووسیا بتوانێت هەوڵ بدات دیموکراسی بخاتەوە، ئەو ئازادی و دیموکراسییە لە ئەوروپا بونیادنرا، ئەڵمانیا توانی یەکبگرێتەوە، پەردە ئاسنینەکە لاببرێت."

گوتی " ئەو لە کاتێکدا گیانی لەدەستدا نەک تەنها دیموکراسی لە ڕووسیا شکستی هێناوە بەڵام لەکاتێکیشدایە کە ڕووسیا و سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پوتن گۆڕی نوێیان لە ئەوروپا هەڵکەندووە و جەنگێکی زۆر خراپییان هەڵگیرساندووە."

وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا ئانالینا بێربۆک گوتی " لە ساتە یەکلاکەرەوەکانی مێژووەکەماندا، میخایل گۆرباچۆڤ ڕێگای ئاشتی و تێگەیشتنی هەڵبژارد کە بووە هۆی کۆتایی هێنان بە جەنگی سارد و یەکگرتنەوەی ئەڵمانیا، ئەڵمانیا تا هەتایە سوپاسگوزاری دەبێت لەسەر ئەمە."

سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن گوتی گۆرباچۆڤ " پیاوی ئاشتی بوو کە بژاردەکانی ڕێگەی ئازادی بۆ ڕووسییەکان کردەوە. پابەندبوونی بە ئاشتییەوە لە ئەوروپادا مێژووی هاوبەشمانی گۆڕی."

سەرۆک وەزیری ئیتاڵیا ماریۆ دراگی گوتی " میخایل گۆرباچۆڤ بە ئازایەتی و بوێرییەوە کۆتایی بە ئەزموونی یەکێتی سۆڤییەت هێنا. ئارەزووی بۆ ئاشتی و دژایەتیکردنی دیدێکی ئیمپیریالیزمی ڕووسیا بووە هۆی ئەوەی خەڵاتی نۆبڵ بەدەست بهێنێت. ئەم پەیامانە لە ئێستادا و لەم تراجیدیایەی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا وەکو هەموو کاتێکی دیکە دەگونجێن."

سەرۆکی کۆمسیۆنی یەکێتی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین گوتی " میخایل گۆرباچۆڤ پیاوێکی متمانەپێکرا و ڕابەرێکی بەڕێز بوو. ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو لە کۆتایی هێنان بە جەنگی سارد و لابردنی پەردە ئاسنینەکەدا. ڕێگەیەکی بۆ ئەوروپای ئازاد کردەوە. ئەم میراتە میراتێکە لەبیر ناکرێت."

سکرتێری گشتی هاوپەیمانێتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگ گوتی " چاکسازییە مێژووییەکانی میخایل گۆرباچۆڤ بووە هۆی هەڵوەشاندنەوەی یەکێتی سۆڤییەت، یارمەتیدەر بوو لە کۆتایی هێنان بە جەنگی سارد و کردنەوەی ئەگەری هاوبەشیکردن لەنێوان ڕووسیا و ناتۆدا. دیدی گۆرباچۆڤ بۆ جیهانێکی باشتر هێشتا هەر هەر وەکو نموونەیەک ماوەتەوە."

سەرۆک وەزیری بەڕیتانیا بۆریس جۆنسن گوتی " هەمیشە سەرسام بووم بەو بوێری و ئازایەتییەی پیشانیدا لە کۆتایی هێنان بە جەنگی سارد و خستنەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانەدا. لە کاتی دوژمنکارییەکەی پوتندا لە ئۆکرانیا، پابەندبوونی ماندونەناسانەی گۆرباچۆڤ بە کردنەوەی کۆمەڵگەی یەکێتی سۆڤییەتەوە هێشتا نموونەیەکە بۆ هەموومان."

سەرۆک وەزیری ژاپۆن فومیۆ کیشیدا گوتی " وەکو ڕابەرێکی جیهان کە پشتیوانی لە داماڵینی چەکی ناوەکی دەکرد، دەستکەوتی مەزنی بۆ بەجێهێشتین."

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG