Accessibility links

سەدان کەس بەشداری لە خۆپیشاندانێکی دەگمەندا دەکەن دژی گروپێکی جیهادیی لە سوریا


سەدان کەس ڕژانە سەر شەقامەکانی سەرانسەری ناوچەکانی باکووری ڕۆژئاوای سوریای ژێر دەسەڵاتی گروپێکی جیهادیی و خۆپیشاندانییان دژی ئەو گروپە ئەنجامدا، لە کاتێکدا کە توڕەییەکان بەهۆی گیان لە دەستدانی پیاوێکەوە لە دەستبەسەریدا زیادییان کرد.

نزیکەی نیوەی پارێزگای ئیدلیب و چەند بەشێکی حەما و حەلەب و لازقییە لە ژێر کۆنتڕۆڵی هەیئەت تەحریرلشامدان کە پێشتر لەلایەن ئەلقاعیدەوە کۆنتڕۆڵ کرابوو.

ئەو ناوچانەی ژێر دەسەڵاتی ئەو گروپە نزیکەی 3 ملیۆن دانیشتوویان تێدایە، زۆرێکییان لەو ناوچانەی دیکەی وڵاتەکەوە هەڵاتوون کە لەلایەن حکومەتەکەی سەرۆکی سوریا بەشار ئەسەدەوە بە یارمەتی ڕووسیا و ئێران کۆنتڕۆڵ کرانەوە.

بەپێی پەیامنێرێکی دەزگای هەواڵی فرانس پرێس، دەیان هاووڵاتی سڤیل لە دەوروبەری تاوەری کاتژمێری ئیدلیب کۆبوونەوە، دروشمییان دژی سەرکردەی هەیئەت تەحریرلشام ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی دەوتەوە، کەسێکیش پەیامێکی بەرزکردبووەوە نوسرابوو " ئازادی ڕادەربڕین و بۆچوون تاوان نیە."

عەبدولڕەحمانی تەمەن 30 ساڵ لە ئیدلیب وتی " هاتینە سەر شەقامەکان بۆ ئەوەی بە نادادپەروەریی بڵێین نەخێر، بە سیاسەتەکانی هەیئەی تەحریرلشام بڵێین نەخێر، بە ئەبو محەمەد ئەلجۆلانی بڵێین نەخێر."

محەمەد عەسافی تەمەن 30 ساڵ بە فرانس پرێسی وت " خۆپیشاندانەکەمان دوای ئەوە هات کە تاوانێک ئاشکرا کرا: پیاوێکی گەنج لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستدا."

وتی " داواکارییەکەمان ڕوونە، جۆلانی دووربخەنەوە، زیندانییەکان ئازاد بکەن، کۆتاییەک بهێنن بەو ئاسایشە توندەی کە لەسەرمانییان داناوە."

ڕوانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت لە 23 ی مانگی دوودا چەکدارێکی گروپێکی یاخیبوو دوای هەشت مانگ لە زیندانێکی هەیئەت تەحریرلشامدا لە ژێر ئەشکەنجەدا گیانی لە دەستداوە.

لە دوای ئەوەی کۆنتڕۆڵی هەرێمی ئیدلیبی کرد، هەیئەت تەحریرلشام ئاسایشی تایبەت بە خۆی سەپاند بەسەر هەرێمەکەدا و بەڕێوبەرایەتییەکی مەدەنیشی داناوە بۆ ئەنجامدانی کارەکانی گومرگ لەسەر سنووری تورکیا.

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ و کۆمسیۆنی لێکۆڵینەوە لە سوریا گروپەکەیان تۆمەتبار کردووە بە تۆمەتی پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، بە ئەشکەنجەدان و توندوتیژی سێکسی و بێسەروشوێنکردنیشەوە.

خۆپیشاندەران ڕژانە سەر شەقامەکانی گوند و شارۆچکەکانیش، بە بینیش و ماریا و کیلی و ئەلئەتاریبیشەوە، کە سەرجەمییان لە ژێر کۆنتڕۆڵی هەیئەت تەحریرلشامدان.

لە بینیش، دەیان کەس هاوارییان دەکرد " جۆلانی، ئێمە تۆمان ناوێت."

سەرچاوە/ فرانس پرێس

XS
SM
MD
LG