دوای بڵاوبوونەوەی گرتە ڤیدیۆیەک کە تیایدا پیاوێک لە دوکانێکی نزیک شارێکی پیرۆزی شیعەکان ماست دەکات بە سەری دوو ژندا کە حیجابییان نەکردووە، سەرۆکی ئێران ئیبراهیم ڕەئیسی وتی حیجاب یاسایە لە ئێراندا.
دوای خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکەی ناو ئێران کە بەهۆی مەرگی ژینا ئەمینی تەمەن 22 ساڵەوە کە لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێراندا گیانی لە دەستدا سەریانهەڵدا، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان دژی بەرپرسانی وڵاتەکە سەرپۆشەکانیان لابرد. هێزەکانی ئاسایشی ئێران خۆپیشاندانەکانیان بە توندی سەرکوتکرد.
دەزگای ڕاگەیاندنی ئێران بڵاویکردەوە بەرپرسانی دەسەڵاتی دادوەری شارۆچکەیەکی نزیک شاری مەشهەدی باکووری ڕۆژهەڵاتی ئێران فەرمانی دەستگیرکردنییان بۆ ئەو پیاوە دەرکرد کە ماست دەکات بە سەری دوو ژنەکەدا، کە دایک و کچێک بوون. ئەوانیش بە هەمان شێوە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچوو بەهۆی ئەوەی پێشێلی یاساکانی باڵاپۆشییان کردووە.
زۆرێک لە ژنانی ئێران دژی یاساکانی باڵاپۆشی وەستاونەتەوە، ژمارەیەکی زۆر لە ژنان لە مۆڵ و ڕێستۆرانتەکان و دوکان و شەقامەکانی وڵاتەکە بەبێ سەرپۆش بیندراون. ڤیدیۆی ژنانی بێ سەرپۆشیش کە دژی پۆلیسی ئاکار وەستاونەتەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا تا دێت زیاتر دەبن.
ڕەئیسی وتی " ئەگەر هەندێک کەس بڵێن بڕوایان بە حیجاب نیە، باشە ڕازی بکرێن، بەڵام خاڵە گرنگەکە ئەوەیە لە ڕووی یاساوە داواکراوە، حیجابیش لەمڕۆدا بابەتێکی یاساییە."
بەرپرسانی ئێران دەڵێن خاوەنی دوکانەکە کە ڕووبەڕووی هێرشبەرەکە وەستاوەتەوە ئەویش هۆشداری دراوەتێ. لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە دوکانەکە داخراوە، بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە زاری دوکاندارەکەوە بڵاوییان کردەوە ڕێگەی پێدراوە دوکانەکەی دووبارە بکاتەوە و بڕیارە " لە دادگادا ڕوون کردنەوە بدات."
سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری ئێران غوڵامحوسەین موحسینی ئیژەیی لە ماوەی ڕابردوودا هەڕەشەی ئەوەی کرد هەر ژنێک لە دەرەوە بەبێ سەرپۆش دەربکەوێت ئەوا ڕووبەڕووی " سزایەکی بێبەزەییانە " دەبێتەوە.
چەند دەزگایەکی هەواڵی لە زاری ئیژەییەوە بڵاوییان کردەوە " لابردنی سەرپۆش یەکسانە بە دوژمنایەتیکردنی بەهاکانمان."
بەپێی یاسای شەریعەی کۆماری ئیسلامی ئێران، کە دوای شۆڕشەکەی ساڵی 1979 سەپێندرا، ژنان ناچار دەکرێن قژییان داپۆشن و پۆشاکی درێژ بپۆشن، پۆشاکی گەورە بپۆشن تاوەکو جەستەیان دیار نەبێت، ئەوانەی ئەو یاسایە پێشێل دەکەن ڕووبەڕووی دەستگیرکردن یاخود غەرامەکردن دەبنەوە، یاخود بە ئاشکرا سەرزەنشت دەکرێن.
سەرچاوە/ ڕۆیتەرز