Accessibility links

باران بارینێکی زۆر و لافاو ناوەڕاستی ئەوروپا دەگرنەوە


پۆڵەندا
پۆڵەندا

باران بارینێکی زۆر ناوەڕاستی ئەوروپای گرتووەتەوە و لافاو لە چەندین ناوچە دروست بووە. لە باشووری ڕۆژئاوای پۆڵەندا کەسێک خنکاوە و هەزاران کەسیش لەسەر سنووری کۆماری چیک گواستراونەتەوە.

جێگری ڕاوێژکاری ئوستریا وێرنەر کۆگلەر وتی کارمەندێکی ئاگرکوژێنەوە لە ئوستریا بەهۆی لافاوەوە گیانی لە دەستداوە، ئەمە لە کاتێکدا کە بەرپرسان ئەو ناوچەیەیان بە شوێنێکی کارەسات ڕاگەیاند، ناوچەکە بە ڤییەنا و سنووری کۆماری چیک و سلۆڤاکیا دەورە دراوە.

ئاوی ڕووبارەکان لە پۆڵەنداوە بۆ ڕۆمانیا زیاتر بوون، ڕۆژی شەممە چوار کەس لە ڕۆمانیا بە مردوویی دۆزرانەوە.

هەندێک ناوچەی کۆماری چیک و پۆڵەندا ڕووبەڕووی خراپترین لافاو بوونەتەوە لە ماوەی سی ساڵی ڕابردوودا.

لە کۆماری چیک نزیکەی دوو سەد هەزار ماڵ بەبێ کارەبا مانەوە دوای ئەوەی با و بارانە بەهێزەکە هێڵەکانی کارەبای پچڕاند. پۆلیسی چیک وتی دەگەڕێن بە دوای سێ کەسدا کە لە ناو ئوتومبێلێکدا بوون و ئوتومبێلەکە کەوتووەتە ناو ڕووباری ستاریکەوە لە نزیک لیپۆڤا لازنی.

لە پۆڵەندا کەسێک لە شارۆچکەی کلۆدزکۆ گیانی لە دەستداوە، سەرۆک وەزیری وڵاتەکە دانۆڵد تەسک وتی شارۆچکەکە گەورەترین زیانی پێگەیشتووە لە وڵاتەکەدا و 1600 کەس لەو شارۆچکەیە گواستراونەتەوە.

تەسک لە کلۆدزکۆ بە ڕۆژنامەنووسانی وت " دۆخەکە زۆر خراپە." شارۆچکەکە بەشێکی کەوتووەتە ژێر ئاوەوە چونکە ئاستی ڕووبارەکە بۆ 6.65 مەتر بەرز بووەتەوە.

دانیشتوانی کۆماری چیکیش وتییان دۆخەکە زۆر خراپترە لە هەموو ئەو لافاوانەی کە پێشتر بیندراون.

دانیشتوویەکی لیپۆڤا لازنی وتی " ئەوەی لێرە دەیبینین زۆر خراپترە لە لافاوەکەی ساڵی 1997 و نازانم چی ڕوودەدات چونکە خانووەکەم ژێر ئاو کەوتووە."

دەزگای ئاگرکوژێنەوە لە ناوچەکەدا وتی هەتاوەکو ڕۆژی یەکشەممە 1900 کەسی گواستووەتەوە، زۆرێک لە شەقامەکانیش ژێر ئاو کەوتوون.

ناوەندی کەش و هەوای چیک وتی شەوی ڕابردوو لەو ناوچانەی کە زیانێکی گەورەیان بەرکەوتووە زیاتر لە 10 سم باران باریوە و لە ڕۆژی چوارشەممەوە تاوەکو ئێستا نزیکەی 45 سم باران باریوە.

پێشبینی دەکرێت ڕۆژی یەکشەممە و دووشەممە بارانی زیاتر ببارێت.

لە بوداپێستیش بەرپرسان دەڵێن لە نیوەی دووەمی هەفتەکەدا پێشبینی دەکرێت ئاستی ڕووباری دانوبی بۆ زیاتر لە 8.5 مەتر بەرز ببێتەوە، لە کاتێکدا کە بارانەکە لە هەنگاریا و سلۆڤاکیا و ئوستریا بەردەوامە.

سەرۆکی شارەوانی بوداپێست وتی " بەپێی پێشبینییەکانی کەش و هەوا، یەکێک لە گەورەترین لافاوەکان لە ماوەی چەندین ساڵی ڕابردووەوە تاوەکو ئێستا نزیک دەبێتەوە، بەڵام بوداپێست ئامادەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵیدا."

سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا، ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG