وتەبێژی کۆشکی سپی وتی ئەمەریکا لەگەڵ هەموو لایەنەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەوڵدەدات کێشەکان چارەسەر بکات و هاریکاری بخاتە نێوانیانەوە دوای ئەوەی کۆمەڵێت وڵاتی عەرەبی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا پچڕاند.
شان سپایسەری وتەبێژی کۆشکی سپی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە ڕۆژنامەنووسانی وت " هێشتا ئەمەریکا دەیەوێت ئەم کێشەیە بەخێرایی چارەسەر بکات، بەپێی ئەو ڕێسایانەی کە سەرۆک دایناون سەبارەت بە بابەتاکانی پشتیوانیکردن لە تیرۆر و توندڕەویی."
شایەنی باسە هەر یەک لە وڵاتانی سعودیە و ئیمارات و بەحرەین و یەمەن و میسڕ پەیوەندییە سیاسییەکانیان لەگەڵ قەتەڕدا پچڕاند و بە تۆمەتی پشتیوانیکردن لە تیرۆر و توندڕەویی تۆمەتباریان کرد. ئەم بڕیارەش کۆمەڵێک کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە.
هەروەها لەلای خۆشیەوە وەزیری دەرەوەی قەتەڕ وتی قەتەڕ ئامادەیە بۆ دانیشتن و گفتوگۆکردن بۆ چارەسەری کێشەکان.
وتیشی قەتەڕ بڕوای بە سیاسەت هەیە و ئاشتی و ئارامی دەوێت بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەراست و هەمیشە دژی تیرۆر وەستاوەتەوە و ئامادەیە بۆ دانیشتن و گفتوگۆکردن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداودا.
سەرچاوە / ڕۆیتەرز