Accessibility links

وەزیری دەرەوەی قەتەڕ: هیچ پاڵنەرێکمان نیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی سوریادا


وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی
وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی

وەزیری دەرەوەی قەتەڕ شێخ محەمەد بن عەبدولڕەحمان ئال ثانی وتی وڵاتەکەی بەنیاز نیە پەیوەندییەکان لەگەڵ سوریادا ئاسایی بکاتەوە.

قەتەڕ یەکێک بوو لەو وڵاتانەی ناوچەکە وەکو سعودیە کە پشتیوانی لە گروپەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکرد لە شەڕی ناوخۆی سوریادا، بەڵام هەندێک لە وڵاتانی دیکەی وەکو ئیماڕات هەوڵی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانیاندا لەگەڵ سوریادا، دوای ئەوەی حکومەتی سوریا زۆربەی ناوچەکانی وڵاتەکەی کۆنتڕۆڵکردەوە.

وەزیری دەرەوەی قەتەڕ لە چاوپێکەوتنێکدا وتی " تاوەکو ئێستا هیچ ئاسۆیەکمان نەبینیوە بۆ چارەسەرێکی سیاسیی کە گەلی سوریا پێی ڕازی بن، هیچ پێشڕەوییەکمان لەوەدا نەبینیوە، هەمان ڕەفتار و بەرنامە پەیڕەو دەکرێت."

وتیشی " لە ئێستادا هیچ پاڵنەرێکمان نیە بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ ڕژێمی سوریادا، ڕژێمی سوریا تاوان دژی گەلەکەی ئەنجام دەدات."

لە سەرەتای ململانێکانی سوریادا لە ساڵی 2012 کاتێک حکومەتی سوریا هەڵمەتێکی دژ بە خۆپیشاندانەکان دەستپێکرد، وڵاتانی کەنداوی عەرەبی پەیوەندییە سیاسییەکانیان لە دیمەشق کەمکردەوە یاخود باڵیۆزخانەکانیان لەو وڵاتەدا داخست.

لە کۆتایی ساڵی 2018 دا ئیماڕات دووبارە باڵیۆزخانەکەی لە سوریا کردەوە، ئەوەش لە هەوڵێکدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هێزە بیانیانەی لە سوریادا هەن، لەوانەش ئێران کە لەگەڵ ڕوسیادا پشتیوانی لە ئەسەد دەکەن، هەروەها تورکیاش کە پشتیوانی لە گروپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن دەکات لە سوریادا.

سەرچاوە/ ڕۆیتەرز

XS
SM
MD
LG